دوایین گۆڕانكارییه‌ مه‌یدانییه‌كان له‌ڕۆژئاوای‌ كوردستانه‌وه‌
  2019-10-11       1900       
بۆردومانكردنی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌رده‌وامه‌
هێرشی‌ سوپای‌ توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان به‌رده‌وامه‌و هێزه‌كانی‌ سورپای‌ دیموكرات -هه‌سه‌ده‌-ش به‌رده‌وامن له‌به‌رگریی‌و تێكشكاندنی‌ هێرشه‌كانی‌ توركیاو گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌.

ئاوێنه‌: توپخانه‌كانی توركیا به‌رده‌وامن له‌بۆردومانكردنی رۆژئاوای كوردستان‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر به‌رزاییه‌كانی مشته‌نوریان له‌كۆبانێ بۆردومان كردو تائێستا زیانه‌ گیانییه‌كان ئاشكرا نه‌كراوه‌.

هاوكات ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتی -تەڤدەم- لە پۆستێكیدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "توركیا دەیەوێت بەبەرگێكی نوێ‌و لەژێر ناوێكی تردا، داعش بگەڕێنێتەوە بۆ باكوری سوریا"

ناوبراو ده‌ڵێت، ئەوانەی ئێستا لەگەڵ توركیا دەجەنگن دژی رۆژئاوا، هەر ئەوانەن كە پێشتر لەناوچەكانی روبەڕوبونەوە لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە لەرققە هەڵاتبون‌و ئێستا بەهاوكاری توركیا گەڕاونەتەوە.

ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بەوەشكردوە، "هێرشی توركیا بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، سەرەتای قەیرانێكی گەورەیە كە ئەردۆغان تێیكەوتوەو دەبێتە سەرەتای روخانی رژێمە تاوانكارەكەی".

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، سوپای توركیا بۆردومانی پێگەی نور دەكات، كە ناوەندی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدایە.

بەگوێرەی راگەیندراوێكی ناوەندی راگەیاندنی هه‌سه‌ده‌، سوپای توركیا بەردەوامە لەبۆردومانكردنی ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی فورات بەشێوەیەكی هەڕەمەكی، لەو چوارچێوەیەشدا ناوەندێكی هێزەكانی هاوپەیمانیان بەئامانجگرتوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، سوپای توركیا بەچەكی قورس هەنگاوێكی مەترسیداری ناوەو پێگەی نوری لەپارێزگای كۆبانێ بەئامانجگرتوە كە ناوەندێكی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدابوە.

به‌پێی‌ تازه‌ترین لێدوانی‌ مەزڵوم عەبدی‌، فەرماندەی‌ هێزەکانی‌ هەسەدە، لەباشوری‌ ناوچەکانی‌ ژیر کۆنترۆڵیان گروپەکانی‌ نزیک لەئێران هێرشیانکردۆتە سەر هێزەکانیان.

وتیشی‌، "نیگەرانین لەئەگەری‌ کشانەوەی‌ هێزەکانی‌ ئەمریکا لەبنکەیەکی‌ سەربازی‌ لەکۆبانێ".

باسی‌ لەوەشکرد، "ئەگەر تورکیا هێرشەکانی‌ رانەگرێت ئەوا هێزەکانمان کە پاسەوانی‌ بەندینخانەکانیان لەئەستۆگرتووە کە دەیان چەکدرای‌ داعشی‌ تێدایە دەکشێنینەوە بۆ پاراستنی‌ خێزانی‌ سەربازەکانمان".

فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە ڕاشیگەیاند، مەرجیان بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ تورکیا ڕاگرتنی هێرشەکانە.

سه‌رباری‌ ناڕه‌زاییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، 9ی‌ ئه‌م مانگه‌ توركیا هێرشی‌ سه‌ربازیی‌ بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان -باكوری سوریاو خۆرهه‌ڵاتی فورات- ده‌ستیپێكرد.

بەپێی‌ ئامارەکانی‌ نەتەوەیەکگرتووەکان لەماوەی‌ سێ رۆژی‌ رابردودا بەهۆی‌ هێرشەکانی‌ تورکیا بۆ سەر باکوری‌ رۆژهەڵاتی‌ سوریا ده‌یان هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ شه‌هیدو برینداربون‌و نزیکەی‌ 100 هەزار کەسیش ئاوارەبون.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×