سكرتێری پارتێكی رۆژئاوای كوردستان شەهید كرا
  2019-10-12       2675       
هەڤرین خەڵەف، سكرتێری گشتی پارتی سوریای دواڕۆژ

هەڤرین خەڵەف، سكرتێری گشتی پارتی سوریای دواڕۆژ، لەسەر رێگای سەرەكی قامیشلۆ شەهید دەكرێت.

ئاوێنە: میدیاكانی نزیك لە یەپەگە، شەهیدبونی سكرتێری پارتی سوریای دواڕۆژ-یان پشتڕاستكردۆتەوە. ئاژانسی هاوار نیوز، سەربە یەپەگە، رایگەیاندوە، هەڤرین خەڵەف، سكرتێری گشتی پارتی سوریای دواڕۆژ، لە كەمینێكی"ئەو چەكدارانەی داعشدا شەهید كراوە كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هەڤرین  لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی كاتێك بەرەو قامیشلۆ چوە كەوتۆتە كەمینی ئەو چەكدارانەوەو شەهید كراوە.


هەڤرین خەڵەف كێیە؟

هەڤرین ساڵی 1983 لە شارۆچكەی دێرك-ی رۆژئاوای كوردستان لە خانەوادەیەكی نیشتمانپەروەر لەدایكبوە.

خوشكێكی شەهیدەو دایكی یەكێك بوە لەو كەسانەی لە ریزەكانی پەكەكەدا كاری كردوە و چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان كەوتوە.

هەڤرین ۆلێژی ئەندازیاری كشتوكاڵی لە حەڵەب تەواو كردوە.

لەساڵی 2012 لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی رۆژئاوادا، هەڤرین چالاكانە بەشداری لە شۆڕشەكەدا كردوەو بەرپرسیارێتی رێكخستنی گەنجانی لەئەستۆ گرتوە.

دواتر بۆتە بەرپرسی رێكخستنی دامەزراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی.

پاشان بۆتە بەرپرسی ئەنجومەنی ئابوری لە شاری قامیشلۆ.

دواتر پاش راگەیاندنی پێكهاتەی بەڕێوەبەریی خۆسەریی، بۆتە جێگری دەستەی وزە لە هەرێمی جزیرەو پاشان بۆتە هاوسەرۆكی دەستەی ئابوری لە هەرێمەكە.

لەسەرەتای ساڵی 2018 لەگەڵ كۆمەڵێكی كەسایەتی دیكەی سوری دەستی كردوە بە دامەزراندنی حزبێكی سوری.

رۆژی 27ی مارسی 2018 لە كۆنگرەی دامەزراندنی پارتی سوریای دواڕۆژدا كە رەققە بە بەشداری چەندین كەسایەتی كوردو عەرەب و سریانی بەڕێوەچو، هەڤرین خەڵەف وەك سكرتێری گشتی پارتەكە هەڵبژێردرا.









زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×