14 لایەنی سیاسیی هەرێم سێ داواکاری ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان
  2019-10-12       915       
 14 لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لە بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتوەکان گردبوونەوە و لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا، سێ داواکارییان دایە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئاوێنه‌: حاجی مەسیفی، نوێنەری یەکێتی لە لیژنەی لایەنە سیاسییەکان ئەمڕۆ شەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا وەک نوێنەری حزبەکان رایگەیاند: "لەو یاداشتەدا کە داومانەتە نەتەوە یەکگرتووەکان سێ داواکاریمان بە ناوی١٤ لایەنی سیاسی دایە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانیش بەڵێنیان دا داواکارییەکانیان بگەینە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان".

لەبارەی داواکارییەکانیش وتی: "لە سێ خاڵدا داوامان کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان سنوورێک بۆ ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستان دابنێت".

ڕاشیگەیاند: "لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا داوامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە پشتگیریی کوردان بکەن بۆ ھەڵبژاردنی بڕیاری سیاسی و دیموکراسی پاڵپشتیی گەلی کوردستان بکەن".

داواشمان کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی گەلانی جیھان بکات و بەپێی بەیاننامە نێودەڵەتییەکان مافەکانی مرۆڤ و ئارامی و ئاسایش بۆ گەلان دابین بکات".

حاجی مەسیفی وتیشی: "نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەڵێنی داوە داواکارییەکان بگەیەنێتە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان".

ئەو خۆپیشاندانە بە بەشداریی١٤ لایەنی سیاسی لە شاری ھەولێر ئەنجام درا و پاڵپشتیی خۆیان بۆ کوردانی سووریا راگەیاند و داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ھەوڵی راگرتنی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا بدەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×