2019-10-13   2531     
ئهرشیف
مەکۆی کەلاری بزووتنەوەی گۆڕان رایگهیاند، ''کەسانێک بە بەکارهێنانی دەمانچە و چەقۆ و بۆمبی دەستی، کۆبوونەوەیەکی بزووتنەوەکەیان تێکداوە''.
له روونکردنەوەیەکی مەکۆی کەلاری بزووتنهوهی گۆڕان تیایدا هاتووه، "رۆژی شەممە 12ی تشرینی یهكهمی 2019، بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ هەڵسووڕاوانی گۆڕان و خستنەڕووی پلان و بەرنامەی داهاتووی بزووتنەوەکە، عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتیی گۆڕان چووەتە کەلار و بەنیاز بووە لە هۆڵی بۆنەکان لەگەڵ هەڵسووڕاوانی دەڤەرەکە گفتوگۆ بکات."
ئهوهش هاتووه: "لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، چەند کەسێک کە هەندێکیان هەڵسووڕاوی گۆڕانیش نەبوون، کەشوهەوای کۆبوونەوەکەیان تێک دا و هێرشی ناڕەوایان کردە سەر میوانەکان و هەڵسووڕاوانی بەشداربوو".
له راگهیهندراوهكهی مهكۆی كهلاری بزووتنهوهی گۆڕاندا ئهوهش هاتووه: "گرووپەکە چەند رۆژێکە پلان بۆ کارەکەیان دادەنێن، بە دەمانچە، چەقۆ، بۆمبی دەستی و دەمانچەی کارەبایی، ئارامیی هۆڵەکەیان تێکدا و بەشێک لە کەرەستە و کەلوپەلی هۆڵەکەیان شکاند".
بهپێی راگهیهندراوهكهی مهكۆی كهلاری بزووتنهوهی گۆڕان، "ئهوان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەر رەخنەیەکی بونیادنەرانە راگەیاندووە، بەڵام ئەم کارەیان بە هەنگاوێکی تێکدەرانەی نامۆ و گوماناوی لەقەڵەم داوه، بۆیه ناچارین هەموو رێکارێکی ئسوڵی و یاسایی دژ بەو کەسانە و هاندەرەکانیان بگرینە بەر".
مەکۆی کەلاری بزووتنهوهی گۆڕان دواجار ئەوەشی وتووە: "کۆبوونەوەکە لە پاش قسەیەکی کورتی رێکخەری گشتی و لەنێو چەپڵەرێزان و دروشم گوتنەوەی هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانی گۆڕان، کۆتایی هات".