مەزڵوم كۆبانی بۆ ئەمریكا: یان بەرگریمان لێ بكەن یان لێرە بڕۆن با روسیان بێنین بەرگریمان لێ بكا
  2019-10-13       3006       

مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە كۆبونەوەیەكدا بە ئەمریكییەكانی راگەیاندوە، ئەگەر واشنتۆن كوردانی سوریا لە هێرشی ئاسمانی توركەكان نەپارێزێت، ئەوا لەگەڵ حكومەتی دیمەشق و روسیا رێكدەكەون تا ئەو كارە بكەن.

ئاوێنە: كەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریكی، لەسەر بنەمای بەڵگەنامەیەك ناوەڕۆكی كۆبونەوەیەكی نێوان مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ویلیام روباك، جێگری نوێنەری ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی بڵاوكردۆتەوە كە رۆژی پێنجشەممەی رابردو بەڕێوەچوە.

بەپێی دەقی بەڵگەنامەكە، دیپلۆماتكارە ئەمریكییە لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاندوە، واشنتۆن لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ ئەنكەرە لەپەیوەندیدایە بۆ گەیشتن بە هودنە، جەختیشی كردۆتەوە كە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەنكەرە زیاتر لە 30 كیلۆمەتر لە سنورەكانی دورناكەوێتەوە ئەوەش دەرفەتێك دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە دێرینەكانی نێوان ئەنكەرەو كوردانی سوریا.

بەڵام مەزڵوم كۆبانی، لەكۆبونەوەكەدا هەڵوێستێكی توندی نواندوەو ئەمریكا تۆمەتبار كردوە بە فرۆشتنی كوردەكان و جێهێشتنیان بۆ ئەوەی سەر ببڕدرێن. هەروەك داواشی كردوە واشنتۆن ئەوەیان بۆ رونبكاتەوە كە ئایا رێگە بە توركیا دەدات كۆنترۆڵی هێڵە سنورییەكان بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر بكات؟

بەپێی بەڵگەنامەكە، كۆبانی لە كۆبونەوەكەدا ئەوەشی راگەیاندوە، ئەگەر واشنتۆن بەوە رازی بێت، ئەوان ئەمان دەستبەجێ پەنادەبەنە بەر حكومەتی دیشمەق و روسیاو داوایان لێ دەكەن كایەی ئاسمانی سوریا بەڕوی فڕۆكە توركییەكاندا دابخەن. كۆبانی رونیشیكردۆتەوە كە تەنها دو هێز لەناوچەكە دەتوانن هێرشی توركیا رابگرن، ئەوانی ئەمریكا و روسیان.

كۆبانی بە ئەمریكییەكانی راگەیاندوە"ماوەی دو رۆژە رێگەم نەداوە پەناببرێتە بەر راگەیاندنەكان و بوترێت، واشنتۆن دەستبەردارمان بوەو دەمانەوێت دەستبەجێ لە ناوچەكە بكشێنەوە بۆ ئەوەی بانگهێشتی فڕۆكەكانی روسیاو رژێمی سوریا بكەم تا كۆنترۆڵی كایەی ئاسمانی سوریا بكەن." جەختیشی كردۆتەوە"دەبێت هەر ئێستا بۆردومانكردنی گەلەكەمان رابگرن، یاخود بڕۆن بۆ ئەوەی روسەكان بانگهێشت بكەین."  

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، رەتیشیكردۆتەوە كە هیچ پڕۆژەیەكی سەربەخۆخوازانە یاخود پیلانی دژ بە توركیایان لە رۆژئاوای كوردستان هەبێت و هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سەركردایەتی كورد لە رۆژئاوا دەخوازن بەشدارییەكی كارایان لە پڕۆسەی سیاسی سوریادا هەبێت لەگەڵ رێزگرتنی تەواو لە یەكپارچەیی خاكی توركیا.

وتوشیەتی"نامەوێت هێزەكانمان بەم شێوەیەی ئێستا بمێننەوە. بۆ تێكشكاندنی داعش پێكهێنران، بەڵام دەمانەوێت لەكۆتاییدا بخرێنە ژێر فەرمانی دەوڵەتی سوریا."

كۆبانی، هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئامادەیە بۆ تاوتوێكردنی نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا لەگەڵ ئەنكەرە، لەگەڵ ئەوەش جەختی كردۆتەوە كە بەتوندی پلانەكانی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچە سنورییەكانی نێو سوریا رەتدەكەنەوە.

لەبەرامبەر ئەو قسانەدا، جێگری نوێنەری ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگەیاند، لە هەڵوێستی هێزەكانی سوریای دیموكرات تێدەگات، داواشی لە مەزڵو كۆبانی كردوە، هیچ هەنگاوێك نەنێت تا ئەو كاتەی وەڵامی ئەمریكا وەردەگرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×