ترەمپ: لەگەڵ كۆنگرێس كاردەكەین بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر توركیادا
  2019-10-13       1300       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس كاردەكات بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر توركیادا. لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریكیش دەڵێت؛ بڕیارەكەی ترەمپ دروستە.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە تویتێكدا رایگەیاند، لەگەڵ لیندسی گراهام و ژمارەیەكی دیكە لەئەندامانی كۆنگریش لەنێویشیاندا دیموكراتەكان، كاردەكات لەسەر سەپاندنی سزای قورس بەسەر توركیادا و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكاش بۆ ئەوەش ئامادەیە.

ترەمپ وتوشیەتی"كۆدەنگییەكی گەورە لەسەر ئەم پرسە هەیە. توركیا داوای كردوە سزای بەسەردا نەسەپێنرێت."

لەلای خۆیەوە لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكان، لەوەڵامی ئەو تویتەی سەرۆكی ئەمریكادا لە تویتێكدا نوسیویەتی"بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاركردن لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێس لەسەر سەپاندنی سزای ئفلیجكەر بەسەر توركیادا كارێكی دروستە."

لیندسی گراهام لە تویتەكەیدا، هێرشەكەی توركیای بۆ سەر باكوری سوریا بە "دەسدرێژی" ناوبردوەو رایگەیاندوە"تاوانی جەنگی گەورەی لەسوریا ئەنجامداوە"

ئەو سیناتۆرە ئەمریكییە پێی وایە لەنێو هەردو خزبەكەی ئەمریكادا پشتیوانییەكی بەهێز هەیە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا و وتوشیەتی"پێویستە رێگەنەدەین دەستدرێژییەكانی توركیا ببنە مایە لەناوبردنی هاوپەیمانە بەنرخەكەمان؛ كوردو سەرهەڵدانەوەی داعش."

لیندسی گراهام پێشی وایە هێرشەكانی توركیا تەنها سودیان بۆ داعش، ئێران و روسیا دەبێت، و هەروەها كابۆسێكیش بۆ ئیسرائیل دروست دەكەن.

جەختیشی كردۆتەوە"توركیا وەك هاوپەیمانێكی باشی ناتۆ كارناكات."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×