هەسەدەو روسیا رێككەوتن لەسەر رادەستكردنی كۆبانی‌و منج بەسوپای سوریا
  2019-10-13       1138       
تانكێكی سوپای سوریا

هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ روسیا رێككەوتون لەسەر ئەوەی هەردو شاری كۆبانی و منبج رادەستی سوپای سوریا بكرێن. بەرپرسێكی هەسەدە دەڵێت؛ ئەمشەو هێزەكانی سوریا دەچنە كۆبانێ.

ئاوێنە: روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، زانیاری پشتڕاستكراوەیان پێشگەیشتوە كە لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و روسیادا رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی هەردو شاری كۆبانی و منبج رادەستی سوپای سوریا بكرێن و رێگە بەو سوپایە بدرێت بچێتە نێو ئەو دو شارۆچكەیەوە.

لەلایەكی دیكەوە، كەناڵی "مەیادین"ی لوبنانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بڵاویكردۆتەوە كە لەماوەی 48 سەعاتدا، سوپای سوریا دەچێتە نێو هەردو شاری كۆبانی و منبج.

لەلای خۆیشییەوە، عیسمەت شێخ حەسەن، بەرپرسی هێزەكانی بەرگری لە رێڤەبەری خۆسەریی، بە روسیا تودەی رایگەیاند، رێڤەبەری خۆسەریی گەیشتۆتە رێككەوتن لەگەڵ مۆسكۆ لەسەر ئەوەی سوپای سوریا بچێتە نێو شاری كۆبانی.

ئەو بەرپرسە وتوشیەتی"لەگەڵ روسیاو حكومەتی سوریا رێككەوتوین كە ئەمشەو هێزەكانیان بێنە نێو كۆبانی."

ئاژانسی "سپۆتنیك"ی روسی لەزاری سەرچاوەیەكی سەربازییەوە بڵاویكردۆتەوە كە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، چەند یەكەیەكی سوپای سوریا لە پێگەكانیانەوە لەدەوروبەری شاری منبج دەستیان بە جوڵە بەرەو ناوەڕاستی شارۆچكەكە كردوە.

پێشتر كەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویكردەوە مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە كۆبونەوەیەكدا بە ئەمریكییەكانی راگەیاندوە، ئەگەر واشنتۆن كوردانی سوریا لە هێرشی ئاسمانی توركەكان نەپارێزێت، ئەوا لەگەڵ حكومەتی دیمەشق و روسیا رێكدەكەون تا ئەو كارە بكەن.

مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا ئەمڕۆ یەكشەممە بە كەناڵی سی بی ئێس-ی راگەیاندبو"لەماوەی24 سەعاتی رابردودا زانیومانە، هێزەكانی سوریای دیموكرات هەوڵ دەدات رێككەوتنێك، ئەگەر گوزارشتەكە دروست بێت، لەگەڵ سورییەكان و روسەكان بكات لەپێناو هێرشی پێچەوانە دژ بە توركەكان لە باكور."

مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاندبو، وڵاتەكەی ئامادەكاری دەكات بۆ كشاندنەوەی یەك هەزار سەرباز لە باكوری سوریا ئەوەش بە خێراترین و سەلامەتترین رێگا.

كۆبانی و منبج لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان و دەكەونە نێو ئەو روبەرەی باكوری سوریاوە كە ئامانجی هێرشەكەی ئێستای توركیان بۆ سەر باكوری ئەو وڵاتە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×