ژماره‌یه‌ك له‌ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێم گەشتکردن بۆ تورکیا ڕادەگرن
  2019-10-14       1729       
وەک هەڵوێستێک بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا، کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان هەموو جۆرە گەشتێک بۆ وڵاتی تورکیا ڕادەگرن.

ئاوێنه‌: کۆمپانیای گرین جێت تراڤڵ، یەکێک لەو کۆمپانیا گەشتیارییانەیە کە لە ڕۆژی ١١ی ئەم مانگەوە هەموو جۆرە گەشتێکی بۆ تورکیا ڕاگرتووە، کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، داوا لە سەرجەم گەشتیارە كوردە "دڵسۆزەكان" دەكات، لە نزیكترین كاتدا خاكی توركیا بەجێبهڵن.

کۆمپانیاکە ئەوەشی وتووە: ڕاستە كاركردن و قازانج كردن ئاوات و چێژبەخشە، بەڵام كوردبوون شەرەفێكی گەورەیە و ناكرێت و نابێت بازرگانیی بە خوێنی هاونیشتیمانیان و خوشک و براكانمانەوە بكەین.

بێلا تراڤڵ-یش یەکێکی دیکەیە لەو کۆمپانیا گەشتیارییانەی کە لەدوای دەستپێکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بۆ سەر باکووری سووریا، هەموو جۆرە گەشتێکی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرتووە.

کۆمپانیاکە لە پەڕەی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاندووە: بڕیارماندا بەهەموو شێوەیه‌ک گەشتی وڵاتی تورکیا ڕاگرین، بەهیچ شێوەیه‌ک ڤیزا، تکت و هۆتێل گرتن و گرووپی گەشتیاریمان نییە بۆ تورکیا.

ئەو کۆمپانیایانە داواش لە کۆمپانیاکانی كەرتی گەشتوگوزار دەكەن، كە هاوهەڵوێستیان بن و دەڵێن: زۆرن ئەو كۆمپانیا بەرێزانەی كە لە ڕیكلامەكانیاندا دەڵێن بۆ بەرژەوەندی گەشتیاران نرخی گروپاتی تورکیمان هەرزان کرد، با ئێستا و لەم كاتەدا لەبەر بەرژەوەندی كوردان بڕیار بدەن بە ڕاگرتنی گەشتەكانیان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×