فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌: له‌ نێوان سازش و جینۆسایدی خه‌ڵكدا، ژیانی خه‌ڵک هه‌ڵده‌بژێرین
  2019-10-14       1561       

فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" باس له‌ چه‌ند پێشنیارێكی ڕووسیا و سووریا ده‌كات كه‌ به‌ كوردی سووریا ڕاگه‌یێندراوه‌ و ده‌ڵێت: "له‌ نێوان سازش و جینۆسایدی خه‌ڵكدا، ژیانی خه‌ڵک هه‌ڵده‌بژێرین".

مه‌زڵووم كۆبانێ فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌ له‌ بابه‌تێكدا نووسیوێتی: "ڕووسه‌کان و ده‌وڵه‌تی سووریا ژماره‌یه‌ک پێشنیاریان كردووه‌ كه‌ ده‌كرێت ژیانی ملیۆنه‌ها كه‌سی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ بپارێزن. ئێمه‌ متمانه‌مان به‌ به‌ڵێنه‌كانیان نییه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت زه‌حمه‌ته‌ بزانیت كه‌ ده‌بێت متمانه‌ به‌ كێ بكه‌یت".

فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌ ده‌شڵێت: "ده‌زانین ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وان كار بكه‌ین ده‌بێت سازشی به‌ئازار بۆ مۆسكۆ و به‌شار ئه‌سه‌د بكه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ‌نێوان سازش و جینۆسایدی خه‌ڵكی خۆماندا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرین ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ژیانی خه‌ڵكی خۆمان هه‌ڵده‌بژێرین".

مه‌زڵوم كۆبانێ ده‌شنووسێت: "ئه‌و هۆكاره‌ی وایكرد له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بین بریتییه‌ له‌ باوه‌ڕمان به‌ دیموكراسی. ئێمه‌ له‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا تووڕه‌ و بێ‌ ئومێدین. خه‌ڵكه‌كه‌مان هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ری و سه‌لامه‌تییان جێگه‌ی نیگه‌رانیی ئێمه‌یه‌. دوو پرسیار ده‌مێننه‌وه‌: چۆن بتوانین به‌ باشترین شێوه‌ خه‌ڵكی خۆمان بپارێزین؟ ئایا هێشتا ئه‌مریكا هاوپه‌یمانمانه‌؟"

ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 13ی تشرینی یه‌که‌می 2019 به‌ڕێڤه‌به‌ری خۆسه‌ری باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ڕای‌گه‌یاند که‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ دیمه‌شق تا سوپای سووریا به‌ درێژاییی سنووری سووریا و توركیا جێگیر بكرێت.

دەقی نووسراوەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات

لە دەریای پشێوی و شەڕی ناوخۆ لە سووریا، جیهان ناوی هێزەكانی ئێمەی بیست، ئەو كات من وەكو فەرماندەی گشتی هێزەكان كارم دەكرد، ئەوان 60 هەزار جەنگاوەری سووری راستەقینە بوون، كاری زۆرمان كرد بۆ ئەوەی نەخزێینە نێو تووندوتیژی و رەگەزپەرستی، ماوەی پێنج ساڵ بەرگریمان لە بەهاكانی دیموكراتی و فرەڕەنگی كرد، بەهیچ شێوەیەك هیچ جەنگاوەرێك تەقەی بە ئاراستەی سنووری توركیا نەكردووە، سەرباز و فەرماندە ئەمریكییەكانیش شایەدن لەسەر توانای جەنگاوەرانمان.

چەندینجار بە هێزەكانمانم راگەیاندووە، پێش هەموو لایەنێك ئێوە پەیوەستن بە شەڕی دژی داعشی تیرۆریست، چونكە ئەوان خاكی ئێمە داگیر دەكەن، گوند و شارەكانمان تاڵان دەكەن، خوێنمان حەڵاڵ دەكەن و ژنەكانمان دەكەنە كەنیزەك، ئەو تیرۆریستانە لە زۆربەی ناوچەكانی سەر زەوی هاتوون، هەمیشە جەختمان دەكردەوە سەربازانی سوپای ئەمریكی و هێزە هاوپەیمانەكان هاوبەشی ئێمەن لەو شەڕە، بەڵام لەهەمانكاتدا میوانی خۆشەویستن لە وڵاتەكەمان، لەبەر ئەوە دەبێ زۆر هۆشیاربین بۆ دوورخستنەوەی سەربازانی سوپای ئەمریكی و هاوپەیمانانی لە رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك، ئاشكراشە لە پێناو رزگاركردنی مرۆڤایەتی لەو مەترسییە 11 هەزار جەنگاوەر و فەرماندەمان كوژراون.

لەگەرمەی شەڕی نەتەوەیی و رەگەزی كە تەڕ و وشك پێكەوە دەسووتێنێ لە وڵاتەكەمان لە سووریا، بەهای ئەخلاقی و سیاسی خۆمان لەدەست نەداوە و كارمان لەسەر بونیادنانی هێزێكی رووخێنەری هاوشێوەی رێكخراوەكانی (non-state Actor) نەكردووە، رێكخراوی قاعیدەمان رووخاند هەروەها داعشیشمان لەناوبرد، كارمان لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی ناوخۆیی فرەڕەنگ كردووە، هاوكاریمان كردووە لە بونیادنانەوەی دامەزراوە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەكان بە هاوبەشی كورد، عەرەب و سریان، چەمكی ناسنامەی سووریای دیموكراتمان وەكو چوارچێوەیەك بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم پێكهاتەكانی سووریا خستووەتەڕوو، ئەوە چەمكی ئێمە بووە بۆ سیاسەت و چارەسەری سیاسی.

چەند رۆژێكە ئەو هێزانەی سەركردایەتییان دەكەم، شەكەتن له بەرگریكردن لە سێیەكی خاكی سووریا، لەبەردەم هێرشی توركی پاڵپشت بە گرووپە جیهادیەكان، ئەو رووبەرە كە شوێنی پارێزراوی  ئەو نەتەوانە بووە كە لە دوو سەدەی رابردوو رووبەڕووی كۆمەڵكوژی توركی بوونەتەوە لە كورد و سریان و ئاشووری و ئەرمەن، هەروەها ئێمە ئەو وڵاتە لەمەترسی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران دەپارێزین، لەكاتێكدا زیاتر لە 12 هەزار تیرۆریستی رێكخراوی داعشی لەخۆگرتووە كە لە ماوەی چەندین قۆناخی شەڕ دەستگیركراون، ئەگەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پابەندبایە بە بەڵێنەكانی لەبەرامبەر ئێمە، توركیا نەیدەتوانی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجامبدات، كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە لە ناوچە سنووریەكان بكشێینەوەو پێگەكانی بەرگریمان وێران بكەین، بەڵام ئەوەی لێرە روویدا ئەوەیە سینگ رووت بووین لەبەردەم خەنجەری توركی.

كاتێك جیهان سستی نوواند لە پێشكەشكردنی هاوكاری، ئەمریكا دەستی هاوكاری بۆ درێژكردین، ئەوەش جێگای رێز و ستایشی ئێمەیە، چەند ساڵێك تێپەڕین سەرۆك ترامپ باس لە گەڕانەوەی سەربازانی بۆ وڵات دەكات، ئێمە لەوە تێدەگەین، هەموو مرۆڤێك دەخوازێت بگەڕێتەوە ماڵەوە، كوڕ بۆ باوەشی باوانی، باوك تامەزرۆی بینینی منداڵەكانیەتی، دڵدار تامەزرۆی خۆشەویستەكەیەتی، دەمەوێ بڵێم ئەوەی ئێمە لێرە پێویستمان بوو، ئەوەنەبوو سەربازی ئەمریكی لەگەڵمان بجەنگێ، ئیمە ئەوە دەزانین ئەمریكا پۆلیسی جیهان نییە، بەڵام ئەوەی پێویستمان پێیبوو و هەمووشمان دەزانین ئەمریكا توانای هەیە، بوونی ئەمریكا گرێنتی بوو بۆ چارەسەری سیاسی، ئێمە دەزانین ئەو هێز و هەژموونەی هەیەتی توانای دەستپێكردنی دیالۆگی سیاسی هەیە بۆ گەییشتن بە چارەسەرێكی هەمیشەیی لەنێوان ئێمە و توركیا.

بڕوامان بە دیموكراتیەت هەیە وەكو چەمك، هەروەها ئێمەش كراوەین بۆ بە بنەماكردنی هەر پڕۆژەیەكی دیموكراتی، بەڵام ئێمە  كاتێك رووبەڕووی ئەو هێرشە و مەترسی كۆمەڵكووژی دەبینەوە بژاردەكانمان تاوتوێ دەكەین، رەنگە ناچاربین چاو بە هاوپەیمانییەتییەكانماندا بخشێنینەوە، چونكە مەترسی داعش هێشتا ماوە، هەروەها زیندانییەکانیان و كەمپەكانیشیان بریتین لە بۆمبێكی تەوقیتکراو و نازانین كەی بە ئێمە و جیهاندا دەتەقێتەوە.

لەژێر سێبەری مەترسی ئەو كۆمەڵكوژییەی رووبەڕووی گەلەكەمان دەبێتەوە بەهۆی هێرشی توركی، پێدەچێت رووسیا و رژێم بیرۆكە و پێشنیازیان هەبێت بۆ رزگاركردنی گیانی ملیۆنان كەس لە گەلەكەمان، بۆیە رەنگە ناچاربین ئاراستەمان بەرەو دیمەشق و مۆسكۆ بگۆڕین، ئەگەریش هەیە دەستبەرداری هەندێك لە مافەكانمان بین، بەڵام كاتێك دوو بژاردەت لەبەردەم بێت لەنێوان كۆمەڵكووژی نەتەوەیی و دەستبەرداربوون لە هەندێك ماف، بەدڵنیاییەوە رزگاركردنی گەل لە كۆمەڵكووژی باشترینە، هەوڵ بۆ سووریایەكی دیموكراتی نوێی بێ كێشە دەدەین، كە پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەبێت، هەر ئەوەش هانیداین هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا بكەین، بەڵام پاراستنی گەل هەمیشە لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە.

ئێستا سووریا چەند رێگەیەكی لەپێشە، شەڕی خوێناوی نەتەوەیی نوێ، یان داهاتوویەكی پارێزراو و چارەسەری سیاسی ، ئەمەش لەسەر بڕیاری ئەمریكی رادەوەستێ، كشانەوەی بێ چارەسەر دەبێتە هۆی شەڕ و كوشتن و وێرانكاری زیاتر، بەڵام مانەوەی بە گرێنتی دەبێتە هۆی چارەسەری سیاسی، بڕوامان بە سووریایەكی نوێی دیموكراتی هاندەری بنەڕەتی بوو كە وایكرد هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا بكەین، بەڵام ئێستا ئێمە بێ ئومێد بووین، بەهۆی ئەو هێرشە دڕاندنەی گەلەكەمان رووبەڕووی دەبێتەوە، هەر ئەوەش كاری لە پێشينەمان دیاریدەكات بۆ بەرگریكردن پێش بیركردنەوە لەهەر شتێك.

مەزڵووم عەبدی
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×