پەکەکە: ئەگەر کورد نەبن بە یەک و پشتیوانی یەکتری نەکەن دەستکەوتەکانمان لە ناو دەچن
  2019-10-14       1068       

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی رۆژئاڤای کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەگەر کورد نەبن بە یەک و پشتیوانی یەکتری نەکەن دەستکەوتەکانمان لە ناو دەچن، هاوکات داواش لە هێزە کوردییەکان دەکات کۆنفرانسی نەتەوەیی ئەنجامدەن.

ئاوێنه‌: کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، "لە ئێستادا جەنگی سێیەمی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت و دەوڵەتی تورکیا دەخوازێت گەلی کورد لەناوبەرێت، ئەگەری گەلی کورد هەوڵەکانی یەکنەخات و هاوهەڵوێست نەبێت، ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی رابردودا هەیبوە لە ناودەچن". 

ئاماژە بەوەشکراوە، داوا لە هەمو پارتە سیاسیەکان، چالاکوانان، هونەرمەندا و رۆشنبیرانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکەن هەوڵبدەن کۆنفرانسی نەتەوەیی ئەنجامبدرێت، هەروەکو لە ماوەی هەفتەی رابردودا هێزە کوردستانییەکانی باشور لە پێناوی مافەکانی کورد لە عێراقدا هاوپەیمانیان پێکهێناوە و "ئێمە باوەڕمان وایە کاری پێکەوەی بۆ نەتەوەکەمان گرنگە و بە بایەخە". 

پەکەکە لە راگەیەنراوکەیدا دەشڵێت، "ئێمە سوپاسی ئەو 14 لایەنە سیاسیەی باشور دەکەین کە هەڵوێستیان بەرامبەر رۆژئاڤا دەربڕیوە و پشتیوانی لە بەرخوادنی گەلەکەمان لەو پارچەیەی کوردستان دەکەن، داواش لەو لایەنانە دەکەین بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی هەمو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ بەمەبەستی پاراستنی دەستکەوتی گەلەکەمان".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×