2019-10-14   1765     
مارك ئه‌سپه‌ر وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكا له چاوپێكه‌وتنێكدا له به‌رنامه‌ى (Face The Nation)، وتى ''واده‌رده‌كه‌وێت توركیا تاوانى جه‌نگى ئه‌نجامدابێت له په‌لاماردانى بۆ سه‌ر باكوورى سوریا''.
ئاوێنه: له چاوپێكه‌وتنێكدا له به‌رنامه‌ى (Face The Nation) له كه‌ناڵى سى بى ئێسى ئه‌مریكى كاتێك پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌كه مارگرێت برێنه‌ن میواندارى مارك ئه‌سپه‌ر وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكاى كرد باسى هه‌ندێك كردارى سه‌ربازی توركییه‌كانى كرد كه به‌رامبه‌ر چه‌ند به‌ندكراوێكى كوردى سه‌ر به هێزه كوردییه‌كان كراوه و ده‌سترێژیان كراوه‌ته سه‌ر، له گرته ڤیدیۆكه‌دا ده‌ركه‌وتووه كه له‌لایه‌ن سه‌ربازه توركه‌كانه‌وه گیراوه، مارگرێت له قسه‌كانیدا له مارك ئه‌سپه‌رى پرسى ئه‌وانه به تاوانى چه‌نگ داده‌نرێت؟.
مارك ئه‌سپه‌ر له وه‌ڵامدا وتى: "ئه‌گه‌ر وه‌ها ده‌ربكه‌وێت به‌ڵى به تاوانى جه‌نگ ناوده‌نرێت".
مارك ئه‌سپه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و بارودۆخه‌كه‌ی كه له‌وێ رووده‌دات زۆر ترسناكه و هۆكارى ئه‌و بارودۆخه توركه‌كانن و بڕیاریان له ئه‌ردۆغان وه‌رگرتووه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشه‌ى توركیا نه‌بوین، ئه‌وان بڕیارى ئه‌و په‌لاماره‌یان دا، هه‌روه‌ها وتى به‌رپرسان پێویستیان به رێكخستنى ئه‌و ڕاپۆرتانه‌یه كه هێزى توركى په‌لامارى هیزى تایبه‌تى ئه‌مریكاى داوه له سوریا.
مارگریت ده‌رباره‌ى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له ناوچه‌كه له ماركى پرسى ئایا ئێوه ئه‌و كاره‌تان به ئه‌نقه‌ست ئه‌نجامدا؟.
مارك ئه‌سپه‌ر له وه‌ڵامدا وتى: من به‌و شێوه‌یه ناوى نابه‌م، توركیا بڕیارى په‌لاماردانى باكوورى سوریاى دا و سه‌ره‌ڕاى ده‌ربڕینى ناڕه‌زاییه‌كانمان و هۆشدارییه‌كانمان به‌ڵام توركیا به‌گوێی ئێمه‌ى نه‌كرد و ئێمه له به‌رژه‌وه‌ندى سه‌ربازه‌كانمان ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌مان كرد تا ئه‌وان نه‌خه‌ینه رێگاى مه‌ترسییه‌وه.