ترەمپ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ ئەنجام دەدات
  2019-10-15       835       

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە جیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کردووە.

ئاوێنه‌: مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 14-10-2019 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسیان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و هەروەها چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لەلایەن هەسەدە کردووە.

پـێنس وتی جەنەڕاڵ مەزڵوم لە میانەی وتوێژەکەی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر مەترسی هێرشی تورکیا بۆ سەر شاری کۆبانی و داوای لە سەرۆک ترامپ کردووە لەم بارەیەوە قسە لەگەڵ ئەردۆغان بکات.

سەرۆکى ئەمریکا پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە کردووە و بەڵێنی ئەوەی لێوەرگرتووە هێرش نەکرێتە سەر شاری کۆبانی.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختیکردەوە، ترامپ زۆر بە ڕوونی بە ئەردۆغانی وتووە دەبێت کۆتایی بەو لەشکرکێشیـیە بهێنێت وە ئەمەریکا ئامادەیە ناوبژیوانی لە نێوانیاندا بکات.

ناوبراو، وتیشی، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆک ترامپ ئەو و ڕۆبەرت ئۆبرایەن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکای ڕاسپاردووە لەم نزیکانە سەرۆکایەتی شاندێک بکەن و بەرەو تورکیا بڕۆن و دەستبکەن بە وتووێژ و دانوستاندن بۆ کۆتایی‌هێنان بەو خوێن ڕشتنە.

حەوت رۆژە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، بەهۆی پشتتێکردنی ئەمریکاش، هەسەدە رێککەوتنی لەگەڵ سوپای سووریا کرد بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و سووریا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×