جارێکی دیکە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێكردنی‌ هێرشه‌كانی‌ توركیا کۆدەبێتەوە
  2019-10-15       709       
بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی هێرشه‌كانی‌ تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان-باكوری‌ سوریا.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ هه‌واڵی‌ ئاژانسی رۆیتەرز، سبەینێ چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاتوتوێی لێکەوتەکانی هێرش‌و داگیركارییه‌كانی‌ تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەکات.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بەهێرشەکانی تورکیا کۆبوەوە، به‌ڵام ئەمەریکاو روسیا مافی ڤیتۆیان بەکارهێنا لەبەرامبەر بەیاننامەی کۆتایی کۆبونەوەکە کە تێیدا ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا کرابو.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، ڕێكخراوی‌ نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێكی‌ له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ سوریاوه‌ بڵاوكرده‌وه‌و له‌به‌شێكیدا رایگه‌یاندووه‌، هێزەکانی سەر بەتورکیا هاوڵاتی مەدەنیان کوشتووەو تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەش ئەنقەرە بەتوندی بەرپرسیار دەبێت.

نەتەوەیەکگرتووەکان لەراپۆرتەکەی ئاماژەی بەکوشتنی هەڤرین خەلەف، سیاسەتمەداری کورد لەسوریا کردووەو ئاشکراشیکردووە کە چەکدارانی ئەحرار شام، هاوڵاتی مەدەنیان لەباکوری سوریا کوشتووەو بەڵگەی ڤیدیۆییش لای نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.

جه‌ختی‌ له‌وه‌شكردۆته‌وه‌ كه‌ كوشتنی‌ هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەو بەتاوانی جەنگ هەژمار دەکرێن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×