نێچيرڤان بارزانی: بودجەی ئەمساڵ لەساڵانی رابردو باشترە
  2019-01-27       475       

نێچيرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بودجەی ئەمساڵ لەساڵانی رابردو باشترە، سوپاسی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات بەوەی بە گرنگییەوە تیبینییەكانی هەرێمی لەسەر یاسای بودجە وەرگرتوە.

ئاوێنە: ئەمرۆ "یەك شەممە" نێچيرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی "جێگەی قەبوڵ نییە هێرش بکرێتە سەر ئەم و ئەو خۆپیشاندانێک هەوڵی قۆستنەوەی بدرێ و توندوتیژی لێ بکەوێتەوە، بەهیچ شێوەیەک قابیلی قەبوڵ نییە و هەوڵ دەدەین بە هیچ شێوەیەک دوبارە نەبێتەوە، وتیشی "کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی نەوت لەگەڵ بەغدا کێشەی زۆرن، پێمانوایە بەپێی یاسای بودجە، ساڵێک کاتمان دەبێ لەگەڵ بەغدا بە جددی بگەینە گفتوگۆ تا چارەسەری کێشەکانی نەوت بکەین".

راشیدەگەیەنێت لە مانگی 2ی 2014ەوە بەغدا یەکلایەنە بودجەی کوردستانی بڕیوە، هەرێمی کوردستان بۆ دڵنیاکردنەوەی موچەی خەڵک و بودجەی خۆی، ناچار بوە نەوت بفرۆشێت. ئەو وتی "ئەگەر بەغدا ئەوەی نەکردایە ئێمە ڕانەدەوەستاین، ئێستا بە جددی هەردولا لەگەڵ بەغدا دادەنیشین و لەسەر ژمارەکان گفتوگۆ دەکەین و هەوڵدەدەین ئەو کێشانەی هەیە، چارەسەر بکەین".


لەبارەی ڕووداوەکانی شیلادزێشەوە دەڵێت "لەم ماوەیەدا زۆر بەداخەوە هەندێک هاوڵاتی شەهید بون لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا، پرسیار ئەوەیە ئەو بۆردومانە لە گوندەکان کرا، نەخێر لەو شوێنانە کرا کە بونی پەکەکەی هەیە و لە ئەنجامی بونی پەکەکە ئەو بۆردومانانە دەکرێت، وەڵامی ئەوە ئەوە نییە کە تۆ هێرش بکەیە سەر سەربازگەی تورکیا لەم سنورە، ئەوان دەبێ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسە بکەن، ئەو هۆکارانە دەبنە هۆکاری بۆردومانەکە دەبێ ئەوانە چارەسەر بکەین،  هۆكارەكە بونی پەکەکەیە و ئەگەر پەکەکە نەبێ، بیانوی بۆردومانی تورکیا نابێت".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×