هێرشێكی‌ سوپای‌ توركیاو گروپه‌ چه‌كداره‌كان لەتەل تەمر تێکشکێنرا
  2019-10-15       940       

هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات -هه‌سه‌ده‌- هێرشێكی‌ سوپای‌ توركیاو گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ له‌ناحیه‌ی‌ تەل تەمری‌ ڕۆژئاوای‌ كوردستان تێكشكاندو 7 ئۆتۆمبیلی سەربازییان تێکشکاند.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ هه‌واڵی‌ ئاژانسی‌ هاوارنیوز، هێزێكی‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌پاڵپشتی‌ سوپای‌ توركیا ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ ویستیان هێرش بکەنە سەر گوندەکانی عالیەو ئەربەعین کە دەکەونە دوری 20 کیلۆمەتر لەرۆژئاوای شارۆچکەی تەل تەمر، به‌ڵام شه‌رڤانانی‌ هه‌سه‌ده‌ بەرپەرچیان دانەوەو گورزی کوشندەیان لەکاروانەکە وەشاند.

لەئەنجامی ئەو بەرپەرچدانەوەیەدا سێ ئۆتۆمبیلی هەڵگریی چه‌كی‌ دۆشکه‌و چوار زرێپۆشی گواستنەوەی سەرباز تێکشکێندران‌و دەیان کوژراوو برینداریشی لێکەوتەوە.

دوای‌ تێكشكاندنی‌ هێرشه‌كه‌، فڕۆکە جه‌نگییه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا بۆردومانی‌ هەردو گوندەکەیان ده‌ستپێكردو تائێستا بۆردومانه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

له‌رۆژی‌ 9ی‌ ئه‌م مانگه‌وه‌ سوپای‌ توركیا به‌پشتیوانی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ تونده‌ره‌كانی‌ سوریا هێرشی بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای‌ كوردستان-باكوری‌ سوریا- ده‌ستپێكردووه‌.

به‌پێی‌ ئاماری‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و ڕێكخراوه‌كانی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ‌و په‌نابه‌ران، تائێستا له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌و هێرشانه‌وه‌ ده‌یان هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ شه‌هیدو برینداربون‌و سه‌دانی‌ دیكه‌ش ئاواره‌ بون‌و ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان جێهێشتووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ هێرشه‌كانی‌ توركیا شه‌پۆلی ئیدانه‌و ناڕه‌زایی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌هێرشه‌كانی‌‌و به‌وهۆیه‌وه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت ژماره‌ی‌ قوربانییه‌كان ڕو له‌زیادبون بكات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×