ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند؛ ئه‌وله‌وییه‌تى حكومه‌ت له ئه‌گه‌رى دابینكردنى داهاتى پێویست، بریتى ده‌بێت له لابردنى پاشه‌كه‌وتى موچه.
ئاوێنه: سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 27/1/2019، به سه‌رۆكایه‌تى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیران و به ئاماده‌بونى قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوه‌وه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبونه‌وه‌كه تایبه‌ت بو به هه‌ڵسه‌نگاندنى یاساى بودجه‌ى فیدراڵ بۆ ساڵى دارایى 2019 كه ڕۆژى 23/1/2019 ته‌شریع كرا.
له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه"ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌ڵسه‌نگاندنێكى ئه‌رێنى بۆ یاساكه كرد كه له‌چاو یاساكانى چه‌ند ساڵى پێش‌و باشتره و گۆڕانكاریى ئه‌رێنى له بڕگه و مادده‌كانیدا ده‌بینێرێت، هه‌رچه‌ند هێشتا له ئاستى ماف و خواست و شایسته داراییه ده‌ستورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا نییه."
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو"ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دوپاتى كرده‌وه كه ئه‌وله‌وییه‌تى حكومه‌ت له ئه‌گه‌رى دابینكردنى داهاتى پێویست، بریتى ده‌بێت له لابردنى پاشه‌كه‌وتى موچه."
هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌ردو وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى و پلاندانى ڕاسپارد كه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى فیدراڵ له په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگیدا بن بۆ هه‌رچى زوتر جێبه‌جێكردنى یاساى بودجه و به‌رچاوڕونى بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌باره‌ت به‌و شایسته داراییانه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان خه‌رج ده‌كرێت، دواى ئه‌وه‌ى یاساكه ده‌كه‌وێته بوارى جێبه‌جێكردن و ڕێنماییى دارایى بۆ ئاسانكاریى جێبه‌جێكردنى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى داراییى فیدراڵه‌وه ده‌رده‌چێت.
ده‌ربارى ڕوداوه‌كانى دوێنێى شێلادزێ-ش، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وێڕاى نیگه‌رانى و دڵگرانى به‌رامبه‌ر به ڕوداوه‌كان و پرسه و سه‌ره‌خۆشى بۆ خانه‌واده‌ى ئه‌و هاوڵاتییه‌ى گیانى له ده‌ست دا و هیواى زو چاكبونه‌وه بۆ برینداران، "دوپاتى كرده‌وه كه ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان له گۆڕینى ئاراسته‌ى خۆپیشاندانى ڕێگه‌پێدراوى یاسایى و ئاشتیانه بۆ پشێوى هه‌بو، ڕوبه‌ڕوى یاسا ده‌بنه‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان لێكۆڵینه‌وه له‌م بابه‌ته ده‌كه‌ن."
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌روه‌ها دوپاتى كردۆته‌وه كه "ناكرێت خاكى هه‌رێمى كوردستان بۆ هێرشكردنه سه‌ر دراوسێكانى به‌كار بهێنرێت و به‌هانه‌یان بدرێتێ بۆ بۆردومانكردنى ناوچه سنورییه‌كان و له ئه‌نجامدا هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان باجه‌كه‌ى بده‌ن."