ویکیلیکس: نێچیرڤان بارزانی‌ له‌سه‌ر داوای‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی‌ گه‌مارۆدانی‌ په‌كه‌كه‌ی‌ داوه‌
  2019-01-30       3899       

   ئا: هاوكار حسێن

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌، نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر داوای‌ ئه‌مه‌ریكا، كۆبونه‌وه‌ی‌ به‌به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ئه‌منی‌ كردوه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ تایبه‌ت به‌گه‌مارۆدانی‌ په‌كه‌كه‌‌و كه‌نارخستنیان، هاوكات فوئاد حسێنیش زانیاری‌ هه‌ستیاری‌ له‌سه‌ر ئه‌ندامانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ئه‌وروپا داوه‌ته‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكاو گله‌یی‌ كردوه‌ كه‌ بۆ ده‌ستگیریان ناكه‌ن، ئه‌و ده‌شڵێت، پێشمه‌رگه‌ یارمه‌تی‌ سوپای‌ توركیای‌ داوه‌ له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بو.

به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ ویكیلیكس كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌، ئاشكرایده‌كات، به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكا داوایان له‌به‌رپرسانی‌ هه‌رێم كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌مارۆی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بده‌ن كه‌ له‌ژێرده‌ستی‌ په‌كه‌كه‌دان‌و هه‌وڵی‌ كه‌نارخستنیان بده‌ن، له‌وه‌ڵامدا فوئاد حسێن، سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كاندا پێشمه‌رگه‌ یارمه‌تی‌ سوپای‌ توركیای‌ داوه‌ له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بوه‌.
 ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ كه‌ هێمای‌ نهێنی‌ لێدراوه‌و مێژوه‌كه‌ی‌ بۆ ساڵی‌ 2007 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، تێیدا هاتوه‌، "وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ ماوه‌ی‌ دو رۆژ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ئه‌منی‌ كۆبوه‌ته‌وه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ تایبه‌ت به‌دابڕینی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ خۆی‌". 
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا فوئاد حسێن زانیاری‌ هه‌ستیاری‌ داوه‌ته‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌ندام‌و چالاكوانانی‌ په‌كه‌كه‌و گله‌یی‌ له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپاش كردوه‌ كه‌ ناتوانن ده‌ستگیریان بكه‌ن. هاوكات گله‌یی‌ خۆی‌ نیشانداوه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و بێڕێزیه‌ی‌ به‌رامبه‌ر وه‌فدی‌ عێراق نیشاندراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نكه‌ره‌وه‌و له‌هه‌ندێك له‌كۆبونه‌وه‌كاندا توركیا به‌رپرسه‌ كورده‌كانی‌ كردوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. 

بابه‌ت: سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ بارزانی‌: له‌نێوان به‌ردو شوێنێكی‌ ره‌قدا
ئای‌ دی‌: 07BAGHDAD3630
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا
كاتی‌ ناردن: 1ی‌ نۆڤه‌مبه‌ری‌ 2007
جۆر: نهێنی‌ 


له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ رۆژی‌ 30ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2007، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ هه‌رێمیی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌ولێر، فوئاد حسێن، سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، چه‌ندینجار ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر دایه‌لۆگ كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌. حسێن باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ توركیا بۆ ئه‌وه‌ی‌ دانوستان له‌گه‌ڵ وه‌فدی‌ عێراقدا بكات له‌رۆژی‌ 26ی‌ ئۆكتۆبه‌ر، چاره‌سه‌ری‌ مه‌سه‌له‌كه‌ی‌ قورسكردوه‌‌و ئه‌و راستیه‌ش ده‌سه‌لمێنێت كه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا، پێویسته‌ توركیا له‌حه‌قیقه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تێبگات. كاتێكیش پرسیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ لێكرا كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم چۆن ده‌توانێت په‌كه‌كه‌ كه‌نارگیربخات، حسێن هیچ ورده‌كارییه‌كی‌ نه‌خسته‌ڕو، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی‌ وت كه‌ مایه‌ی‌ قبوڵكردن نیه‌ هێزه‌ كوردیه‌كان شه‌ڕی‌ كوردانی‌ تر بكه‌ن، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ ته‌نها ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیانه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ربكات، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ سوپای‌ توركیا. ( به‌ڵام وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ ماوه‌ی‌ دو رۆژ (31ی‌ ئۆكتۆبه‌رو 1ی‌ نۆڤه‌مبه‌ر) له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ئه‌منی‌ كۆبوه‌ته‌وه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ تایبه‌ت به‌دابڕینی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ خۆی‌). به‌دڵنیایه‌وه‌ حسێن بێئومێد نه‌بو له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌ به‌رێگه‌ی‌ دیپلۆماتیانه‌، به‌ڵام ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ كه‌ توركیا پێویسته‌ خواستی‌ خۆی‌ نیشانبدا بۆ كۆبونه‌وه‌‌و گوێگرتن له‌به‌رپرسانی‌ عێراق، به‌نوێنه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیشه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌، ئه‌و كه‌متر دوا له‌باره‌ی‌ پێویستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ دروستكردنی‌ متمانه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، له‌رێگه‌ی‌ هاویشتنی‌ هه‌نگاوی‌ كرداری‌ وه‌ك هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر چالاكوانه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ناو هه‌رێمی‌ كوردستاندا. 

 
دیالۆگ: چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانه‌كه‌       
 رۆژی‌ 30ی‌ ئۆكتۆبه‌ر، سه‌رۆكی‌ تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌ولێر له‌گه‌ڵ فوئاد حسێنی‌ سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كۆبۆوه‌. فوئاد حسێن له‌سه‌ره‌تای‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌یكرد به‌و ئاكامه‌ خراپانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ وه‌فدێكی‌ عێراق له‌ئه‌نكه‌ره‌ له‌رۆژی‌ 26ی‌ ئۆكتۆبه‌ر. وتیشی‌، مامه‌ڵه‌كردنی‌ توركیا ته‌گه‌ره‌ی‌ خستوه‌ته‌ به‌رده‌م دانوستانه‌كان. حسێن ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هێرش‌و په‌لاماره‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ی‌ به‌ناقانونی‌ ناوبردوه‌و داواشی‌ لێكردون چه‌كه‌كانیان دابنێن. حسێن به‌دورودرێژی‌ گله‌یی‌ خۆی‌ نیشاندا له‌باره‌ی‌ ئه‌و بێڕێزیه‌ی‌ به‌رامبه‌ر وه‌فده‌كه‌ی‌ عێراق نیشاندراوه‌و له‌هه‌ندێك له‌كۆبونه‌وه‌كاندا توركیا به‌رپرسه‌ كورده‌كانی‌ كردوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. وه‌فده‌كه‌ی‌ عێراق ئاماده‌یی‌ نیشانداوه‌ بۆ دانوستاندن، به‌ڵام لایه‌نی‌ توركیا ته‌نیا لیستێك له‌داواكارییان پێشكه‌شكردوه‌. فوئاد هه‌مان ئه‌و شته‌ی‌ دوباره‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ هه‌رێمیی‌ ئه‌مه‌ریكا، به‌به‌رده‌وامی‌ له‌كۆبونه‌وه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ر گوێیان كه‌وتوه‌، ئه‌ویش "چاره‌سه‌ری‌ ئاشتیانه‌ تاكه‌ رێگه‌یه‌، ده‌ستتێوه‌ردانی‌ سه‌ربازیی‌ هیچ شتێك چاره‌سه‌رناكات، حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ژێر فه‌رمانی‌ توركیادا ناجوڵێته‌وه‌". له‌باره‌ی‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بۆ ناردنی‌ وه‌فدێكی‌ پێكهاتو له‌تێكڕای‌ حزبه‌كان بۆ ئه‌نكه‌ره‌. حسێن وتی‌، ئامۆژگاری‌ یه‌كگرتویان كردوه‌ به‌وه‌ی‌ نه‌چن تا گه‌ره‌نتی‌ ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ وه‌فده‌كه‌ به‌ڕێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كرێت‌و له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ باڵاوه‌ پێشوازیان لێده‌كرێت. باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ هه‌وڵه‌كانی‌ یه‌كگرتو بۆ سودوه‌رگرتن له‌په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدان شتێكی‌ باشه‌، به‌ڵام سوپای‌ توركیا كێشه‌كان دروستده‌كات. 


په‌كه‌كه‌ ئامانجی‌ راسته‌قینه‌ی‌ توركیا ده‌شارێته‌وه‌

حسێن ئاماژه‌ی‌ به‌و هۆكاره‌ كرد كه‌ چه‌ندینجار باسكراوه‌ له‌باره‌ی‌ شه‌ڕه‌نگێزی‌ توركیاوه‌، ئه‌وه‌ش ترسه‌ له‌سه‌ركه‌وتویی‌‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. وتیشی‌، هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ كورده‌كان هاوشێوه‌ی‌ ئیسرائیل وایه‌ بۆ جوله‌كه‌ په‌رشوبڵاوبوه‌كان‌و ئه‌وه‌ش كه‌ كورده‌كانی‌ عێراق به‌ده‌ستیانهێناوه‌ ناتوانرێت له‌لایه‌ن توركیاوه‌ بخرێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. ئه‌و په‌لامارانه‌ی‌ له‌لایه‌ن میدیاكانی‌ توركیاوه‌ به‌پاڵپشتی‌ ئه‌رته‌شی‌ توركیا ده‌كرێنه‌ سه‌ر بارزانی‌، بوه‌ته‌ هۆی‌ تێكدانی‌ زیاتری‌ په‌یوه‌ندیه‌كان. فوئاد حسێن‌و راوێژكاره‌كانی‌ تریش هانی‌ بارزانی‌ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ دانبه‌خۆیدا بگرێت‌و وه‌ڵامی‌ ئه‌و هێرشانه‌ نه‌داته‌وه‌. (تێبینی‌: فوئاد هیچ ئاماژه‌یه‌كی‌ نه‌دا به‌و لێدوانه‌ توندانه‌ی‌ بارزانی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵدا). حسێن رونیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئاكپارتی‌ له‌راكێشانی‌ ده‌نگده‌راندا له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ی‌ دوایدا، فشاری‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌ی‌ زیادكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پارێزگاری‌ له‌و پشتیوانیه‌ بكات كه‌ له‌لایه‌ن كوردانی‌ توركیاوه‌ لێیده‌كرێت. وتیشی‌، سوپای‌ توركیا په‌كه‌كه‌ به‌كارده‌هێنێت له‌دژی‌ ئاكپارتی‌، چونكه‌ ئه‌وان ته‌نها سودمه‌ندی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ن.   

حكومه‌تی‌ هه‌رێم ناتوانێت ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ رابگرێت
به‌رپرسی‌ تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی‌ به‌بابه‌تێكی‌ تازه‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمز كرد له‌باره‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ كرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌باكوری‌ عێراق (هه‌رێمی‌ كوردستان)، ئه‌مه‌ش له‌و بانگه‌شانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن ناتوانرێت هیچ شتێك ئه‌نجامبدرێت. حسێن له‌وه‌ڵامدا وتی‌، له‌ساڵی‌ نه‌وه‌ده‌كاندا پێشمه‌رگه‌ یارمه‌تی‌ سوپای‌ توركیای‌ دا له‌دژی‌ په‌كه‌كه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بو. وتیشی‌، له‌و سه‌رده‌مه‌دا خودی‌ جه‌نه‌ڕاڵ یه‌شار بیوكانیت، سوپاسالاری‌ توركیا ئه‌و راستیه‌ی‌ بۆ ده‌ركه‌وت، كاتێك هاته‌ ناوچه‌ی‌ ئامێدی‌‌و له‌وێ‌ مایه‌وه‌. شه‌ڕی‌ كورد له‌دژی‌ كورد به‌لای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ شتێكی‌ نه‌فره‌تلێكراوه‌‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ناتوانێت به‌شداری‌ له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییانه‌دا بكات. فوئاد ئاماژه‌ی‌ به‌به‌شداری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ كرد له‌روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ تیرۆیستان له‌ناو عێراقدا، به‌ڵام مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ی‌ به‌مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ ئاڵۆز وه‌سفكرد. 
له‌باره‌ی‌ گه‌مارۆدانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ له‌ژێرده‌ستی‌ په‌كه‌كه‌دان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ یاخود گرتنه‌به‌ری‌ هه‌ر رێوشوێنێك بۆ كه‌نارخستنی‌ په‌كه‌كه‌، حسێن هیچ ورده‌كاریه‌كی‌ نه‌خسته‌ڕو. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا‌و ئه‌وروپا نه‌توانن یاخود نایانه‌وێت كۆتایی‌ به‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ بهێنن، ئه‌وا چۆن هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌توانێت له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوبێت؟ ئه‌و گله‌یی‌ له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپا كرد به‌وه‌ی‌ رێگه‌ده‌ده‌ن عه‌لی‌ ره‌زا ئاڵتون، دابینكه‌ری‌ یارمه‌تیه‌ داراییه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌، به‌ویستی‌ خۆی‌‌و ئازادانه‌ له‌ناو فه‌ره‌نسا‌و نه‌مسا هاتوچۆ ده‌كات. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وڵاتانی‌ ئه‌وروپا نه‌توانن رێگه‌ له‌ئاڵتون بگرن، حكومه‌تی‌ هه‌رێم چۆن بتوانێت؟ ناوی‌ ئاڵتون له‌هیچ لیستێكی‌ جه‌نگدا نه‌هاتوه‌‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش هیچ ئاگاییه‌كی‌ نیه‌ له‌باره‌ی‌ گه‌شته‌كانیه‌وه‌. حسێن ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار ئه‌ندامی‌ په‌كه‌كه‌ به‌ئازادانه‌ له‌ئه‌ڵمانیا ده‌ژین. (تێبینی‌: وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم باسی‌ له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دو رۆژ له‌سه‌ریه‌ك (31ی‌ ئۆكتۆبه‌رو 1ی‌ نۆڤه‌مبه‌ر) كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ئه‌منی‌ كردوه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ تایبه‌ت به‌كه‌نارخستنی‌ په‌كه‌كه‌).
كاتێكیش پرسیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ لێكرا كه‌ ئایا حكومه‌تی‌ هه‌رێم په‌كه‌كه‌ به‌رێكخراوێكی‌ تیرۆریستی‌ ناوده‌بات، وه‌ك چۆن حكومه‌تی‌ عێراق كردویه‌تی‌، حسێن ئاماژه‌ی‌ به‌دوفاقیه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا كرد به‌وه‌ی‌ كه‌ پشتیوانی‌ له‌پژاك-ی‌ نزیك له‌په‌كه‌كه‌‌و موجاهیدینی‌ خه‌ڵق ده‌كات. ناوبراو كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ به‌وه‌ كۆتایی‌ پێهێنا كه‌ ته‌نها ئه‌مه‌ریكا‌و ئیسرائیل ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیانه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن. 

كۆبونه‌وه‌ی‌ داخراوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌ گرژبوه‌
یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ له‌ رۆژی‌ 31ی‌ ئۆكتۆبه‌ر كه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی په‌كه‌كه‌ بوه‌و سێ‌ كاتژمێری‌ خایاندوه‌، باسی‌ له‌وه‌ كرد مه‌سعود بارزانی‌ ناڕه‌حه‌ت دیاربوه‌و زۆر نیگه‌ران بوه‌ له‌بارودۆخه‌كه‌. بارزانی‌ چه‌ندینجار ئه‌وه‌ی‌ دوباره‌ كردوه‌ته‌وه‌ "ئه‌گه‌ر توركیا ئاماده‌نه‌بێت پێشوازی‌ له‌ئێمه‌ بكات، چۆن ده‌توانرێت چاره‌سه‌رێكی‌ ئاشتیانه‌ بدۆزرێته‌وه‌؟ هه‌روه‌ها كه‌شی‌ كۆبوه‌نه‌وه‌كه‌ گرژبوه‌و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ تایبه‌ت بوه‌ به‌مامه‌ڵه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و ئه‌گه‌ری‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی‌ "خیانه‌تی‌" 1975. 

كۆمێنت:
جه‌ختكردنه‌وه‌ی‌ فوئاد حسێن له‌سه‌ر بێڕێزی‌ به‌رامبه‌ر به‌رپرسانی‌ كوردو عێراقی‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ بێمتمانه‌یه‌كی‌ زۆر هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌به‌رپرسانی‌ توركیا، به‌تایبه‌تی‌ كه‌سایه‌تیه‌ سه‌ربازیه‌كانیان. حسێنیش وه‌ك هه‌مو كوردێكی‌ دیكه‌، بڕوای‌ وایه‌ كه‌ ئامانجی‌ راسته‌قینه‌ی‌ كرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ توركیا، هه‌رێمی‌ كوردستانه‌. پێشیوایه‌ ته‌نها چاره‌سه‌ری‌ سیاسیانه‌‌و لێبوردنی‌ گشتیی‌ ده‌توانێت كێشه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ چاره‌سه‌ربكات. بۆیه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم شتێكی‌ ئه‌وتۆی‌ له‌ده‌ستنایه‌ت بیكات بۆ دڵڕازیكردنی‌ توركیا. حسێن بێهیوا نه‌بو له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كه‌ له‌رێگه‌ی‌ دایه‌لۆگه‌وه‌، به‌ڵام جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ توركیا ئاماده‌یی‌ نیشانبدا بۆ بینین‌و گوێگرتن له‌به‌رپرسانی‌ عێراق، به‌نوێنه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و شتێكی‌ ئه‌وتۆی‌ باس نه‌كرد له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش پێویسته‌ متمانه‌ی‌ توركیا به‌ده‌ستبهێنێت له‌رێگه‌ی‌ گرتنه‌به‌ری‌ هه‌نگاوی‌ كرداری‌ بۆ هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر چالاكوانه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×