ترامپ: بەم زووانە خەلافەتەکەی داعش لەناودەبرێت
  2019-01-30       346       
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت خەلافەتەکەی داعش، ئەوەی لە ساڵی 2014 وە ڕاگەیەندرا، لەم زووانە لەناودەبرێت.



ئاوێنه‌: دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لەتویتێكدا باس له‌شه‌ڕی‌ داعش ده‌كات‌و نوسیویەتی، "کاتێک بوم بەسەرۆک، داعش کۆنترۆڵ نەکرابو، تەشەنەی کردبو. لەو کاتەوە بەرەوپـێشچونێکی ئێجگار گەورە ئەنجامدراوە بەتایبەتی لە ماوەی 5 هەفتەی ڕابردودا."



ترامپ ده‌ڵێت، "خەلافەت -خەلافەتەکەی داعش- بەمزووانە لەناودەبرێت، دو ساڵ لەمەوبەر بڕوا نەدەکرا ئەمە ڕوبدات."



ئه‌م وتانه‌ی‌ ترامپ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێستا شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە- لەدەوروبەری گوندی باغۆز لەسنوری دێرەزور جێگیربون‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بەمزووانە دوایین پێگەی داعش کۆنترۆڵ دەکەنەوە.


باغۆز لەنزیک سنوری سوریاو عێراقە، یەکێکە لەدوایین گوندەکانی دەستی داعش لەسوریا. لەو گوندە شەڕو پێکدادان بەردەوامە.


له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردو 27/1/2019، رۆژنامه‌ی "العربی الجدید"، له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای‌ سوپای‌ عێراقه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هێزێكی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردو له‌عێراقه‌وه‌ چونه‌ته‌ ناو خاكی سوریاو له‌وێشه‌وه‌ یه‌كه‌یه‌كی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ یاوه‌ریان كردون. پاش ئه‌وه‌ی زانیارییان له‌باره‌ی بونی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی ده‌ستكه‌وتووه‌، چونه‌ته‌ ناوچه‌یه‌ك به‌روبه‌ری 10 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ له‌پارێزگای دێره‌زور له‌سنوری سوریاو عێراق. به‌دیاریكراویش له‌گونده‌واری دێره‌زور له‌نێوانی (باغووز)و (مه‌راشیده‌) له‌باشورو سه‌فافنه‌ له‌رۆژئاواو بیابانی ئه‌لبوكه‌مال كه‌ له‌رۆژهه‌ڵاتیدا عێراق هه‌یه‌.



ئه‌و به‌رپرسه‌ پێیوایه‌ ئه‌و تیمه‌ تایبه‌ته‌ هه‌مان ئه‌و گروپه‌ن پێشتر بۆ چاودێریكردنی ئوسامه‌ بن لادن، رێبه‌ری پێشوی رێكخراوی قاعیده‌ راسپێردرابون‌و ساڵی 2011 له‌شارۆچكه‌ی ئابوت ئاباد له‌باكوری رۆژهه‌ڵاتی پاكستان كوشتیان.


به‌وته‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقییه‌، ئه‌مه‌ریكا ئه‌بو به‌كر به‌غدادی به‌زیندوێتی ده‌وێت.


له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی ئه‌مه‌ریكا سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رێبه‌ری داعش به‌زیندوێتی بكه‌وێته‌ ده‌ستی، ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌ عێراق به‌رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی وتووه‌، "ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌بارودۆخی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاوه‌ هه‌بێت، ئه‌و پێویستی به‌هه‌ر روداوێكی ئیجابی هه‌یه‌ تا له‌ناو شه‌قامی ئه‌مه‌ریكیدا له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و بشكێته‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌ش بیانه‌وێت سه‌ره‌داوه‌ نادیاره‌كانی په‌یوه‌ندی به‌غدادی‌و مامه‌ڵه‌ی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ له‌سوریاو عێراق بدۆزنه‌وه‌ كه‌ دیارترینیان رژێمی سوریایه‌".


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×