ئیمارات پشتیوانی‌ له‌كوردانی‌ سوریا ده‌كات‌و دروستكردنی‌ "ناوچەی ئارام" له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌
  2019-01-30       1223       
ئه‌نوه‌ر قرقاش، وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیمارات

ده‌وڵه‌تی‌ ئیمارات له‌زاری‌ وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڕه‌سمی‌ پشتیوانی‌ له‌كوردانی‌ سوریا ده‌كات‌و دروستكردنی‌ "ناوچەی ئارام"یش له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.


ئاوێنه‌: ئه‌نوه‌ر قرقاش، وه‌زیری‌ ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیمارات، له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ (الحره‌)، رایگه‌یاندووه‌، وڵاته‌كه‌ی‌ پشتیوانی‌ له‌كوردانی‌ سوریا ده‌كات‌و پاراستنیان ده‌گرێته‌ خۆ، له‌ئه‌گه‌ری‌ دروستبونی‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێك پاش كشانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا له‌سوریا.


قرقاش دروستكردنی‌ "ناوچەی ئارام" له‌لایه‌ن توركیاوه‌ له‌سنوره‌كانی‌ نێوان توركیاو سوریا -رۆژئاوای‌ كوردستان- ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت، "دژی‌ دروستكردنی‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی غه‌یره‌ عه‌ره‌بین له‌ناو هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی‌ عه‌ره‌بیدا".


ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ توركیا چه‌ندین جار له‌زاری‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانییه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌هاوكاریی‌و هه‌ماهه‌نگی‌ ئه‌مریكاو روسیا به‌نیازی‌ دروستكردنی‌ "ناوچەی ئارام"ن له‌ناوچه‌ سنوره‌كانی‌ نێوان توركیاو سوریا.

 

له‌دوایین لێدوانیدا مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا، رایگەیاند، ئەوان وەكو توركیا دەتوانن بێ یاریدەی هیچ وڵاتێك "ناوچەی ئارام" لەسوریا دروستبكەن، بەڵام رێگە لەویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو روسیا ناگرن ئەگەر بیانەوێت لەبنیادنانی ناوچەكەدا یارمەتیان بدەن.


ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان خاوەنی هەمان بۆچونی پێشویانن لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی سیاسی لەسوریا بێجگە لەبابەتی مانەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا لەپێگەكەی خۆیدا.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×