داودئۆغلو بۆ ئەردۆغان: نامه‌که‌ی ترامپ سوکایه‌تییه‌ به‌تۆو هه‌موو گه‌لی تورکیا
  2019-10-17       9897       

بەهۆی ئەو نامەیەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغانی ناردووە، ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، داوایەكی بە پەلە لە ئەردۆغان دەكات کە بەهۆی سووکایەتی بە تورکیا دەبێ هەموو کۆبوونەوەکانت لەگەڵ ئەمریکییەکان ڕابگریت.

ئاوێنه‌: لە نامەكەی ترەمپدا بۆ ئەرۆدغان، پێی دەڵێت: "پیاوێکی رەق مەبە و کەسێکی گەمژە مەبە"، داودئۆغلو لەسەر ئەو وشانە كە بە سووكایەتی ناوی دەبات نامەیەكی بە پەلە بۆ ئەردۆغان دەنێرێت''.

میدیاكانی توركیا ناوەڕۆكی نامەكەی داودئۆغلویان بڵاو كردووەتەوە، كە دەڵێت ''ئەو نامەیەی ترەمپ بەرلەوەی سووكایەتی بێت بە تۆ، سووكایەتییە بۆ هەموو گەلی توركیا، بۆیە پێویستە ترامپ داوای لێبوردن لە گەلی توركیا بكات''.

داودئۆغلو داوای لە ئەرۆدغان كردوە كە تاكوو ترەمپ داوای لێبوردن لە گەلی توركیا نەكات، پێویستە چوونت بۆ ئەمریكا هەڵبوەشێنێتەوە و هەموو كۆبوونەوەیەكیش لەگەڵ ئەمریكییەكان رەت كەیتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپ و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەرمیکا سەردانی تورکیا بکەن و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆ ببنەوە و هاوکات بڕیارە ڕێکەوتی ١٣ی١١ی٢٠١٩ ئەرۆدغان بە داوەتێكی فەرمی سەردانی ئەمریكا بكات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كۆ ببێتەوە.

دەقی نامەکەی ترەمپ بۆ ئەردۆغان 

بۆ بەڕێز رەجەب تەییب ئەردۆگان
سەرۆککۆماری تورکیا
ئەنقەرە

بەڕێز سەرۆک

با رێککەوتنێکی باش بکەین، تۆ ناتەوێت کوشتاری هەزاران خەڵک لە ئەستۆبگریت و منیش نامەوێت تێکشکاندنی ئابووری تورکیا لە ئەستۆبگرم - خۆیشت دەزانیت دەتوانم و پێشتریش نموونەیەکی بچوکی لەو شێوەم پێپیشانداویت کاتی [سەپاندنی سزا] بەهۆی کەیسی قەشە برۆنسن.

من سەرسەختانە کارمکردوە بۆ ئەوەی هەندێک لە کێشەکانت چارەسەر بکەم، کارێک مەکە دنیا شەرمەزار بکەیت، تۆ دەتوانیت رێککەوتنێکی گەورە بکەیت. ژەنەڕاڵ مەزڵووم [کۆبانێ] ئامادەیە گفتوگۆت لەگەڵ بکات و ئامادەشە سازشگەلێک بکات کە هەرگیز لە رابردوودا ئامادە نەبوو بیکات. من نامەیەکی پارێزراوی [نهێنی] ئەوم لێرەدا هاوپێچ کردووە کە هەر ئێستا بە دەستم گەیشت.

مێژوو بە باشی ناوت دەهێنێت ئەگەر بێتو ئەم رێککەتنە بە شێوازێکی دروست و مرۆییانە ئەنجامبدەیت، بەڵام مێژوو وەکو شەیتانیش باست لێوە دەکات ئەگەر شتی باش روو نەدەن. پیاوێکی رەق مەبە و کەسێکی گەمژە مەبە! 

دواتر تەلەفۆنت بۆ دەکەم.

لەگەڵ رێزدا
دۆناڵد جەی ترەمپ 
9ـی تشرینی یەکەمی 2019

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×