ئەسەد:لە هەمو شوێنێكی خاكی سوریا وەڵامی دەستدرێژییەكانی توركیا دەدەینەوە
  2019-10-17       1267       

بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا جەختی كردەوە كە وڵاتەكەی وەڵامی بۆ دەستدرێژییەكانی توركیا دەبێت و بەهەمو ئەو ئامڕازە یاساییانەی كە لەبەردەستیدان لە هەر ناوچەیەكی سوریادا بێت، روبەڕوی دەبێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمی سوریا(سانا)، ئەو وتانەی بەشار ئەسەد، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی پێشوازیكردنی لە فالح فەیاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقدا هاتون كە پەیامێكی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بۆ ئەسەد پێ بوە سەبارەت بە رێگاكانی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات و بەرزكردنەوەو فراوانكردنی ئاستی ئەو هەماهەنگییەی لەنێوان هەردو وڵاتدا هەیە، لەوانەش لە بواری دۆسیەی دژایەتی تیرۆرو ئاسایشی سنور لەسایەی پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەدا.

لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، دۆخی گۆڕەپانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ كراون و بەشار ئەسەد جەختی كردۆتەوە كە چاوچنۆكییە دەرەكییەكان لە وڵاتانی ناوچەكە بەدرێژایی مێژو رانەوەستاون و دەستدرێژییە تاوانكارییەكانی توركیا بۆ سەر سوریا دەچنە چوارچێوەی ئەو چاوچنۆكییانەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێرشەكانی توركیا لەگەڵ ئەوەی هەڵگری چەند دروشمێكی درۆزنانەن، بەڵام داگیركاریی ئاشكراو دوژمنایەتی رونن و وتوشیەتی"سوریا لەزۆر شوێن بەرپەرچی توركیای داوەتەوە ئەوەش لەڕێگەی وەشاندنی گورز لە بریكارو تیرۆریستەكانی ئەو وڵاتەو لە داهاتوشدا بە هەمو شێوەیەك و لە هەر ناوچەیەكی سەر خاكی سوریا لەڕێگەی هەر ئامڕازێكی یاسایی بەردەستەوە بەرپەرچی توركیا دەداتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×