سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا داوا سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا دەكات
  2019-10-17       888       

دەیڤید ساسۆلی، سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا، رایگەیاند، پەرلەمانی ئەوروپا توڕەیە بەرامبەر بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكوری سوریاو پێویستە دەستبەجێ ئەو دەستوەردانە سەربازییە رابگیرێت.

ئاوێنە: دەیڤید ساسۆلی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"دۆخی باكوری سوریامان تاوتوێ كردو پێمانوایە دەستوەردانێكی سەربازی لەو جۆرە پێویستە دەستبەجێ رابگیرێت و هەروەها دەمانەوێت یەكێتی ئەوروپا چەند هەنگاوێكی دیپلۆماتی و سیاسی هەڵبگرێت و ناكرێت تەنها كۆببینەوەو دڵمان بە ئەنجامەكانی كۆبونەوەی وەزارەتی دەرەوەی یەكێتییەكە خۆش بێت."

سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا، سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا، وتیشی"تەنها نیگەران نین، بەڵكو توڕەشین، چونكە ئەوە شەڕێكە لەلایەن ئەندامێكی ناتۆوە، بۆیە ئەركمان كە راشكاو بین و ئەو هێرشە رابگرین، بەڵام حكومەتی توركیا تا ئێستاش هێرشەكەی رانەگرتوەو تا ئێستا گوێمان لێ ناگرێت. بۆیە هیوادارم یەكێتی ئەوروپا شتێك بكات بۆ ئەوەی گوێی لێ بگیرێت."

دەیڤید ساسۆلی داواشی لە یەكێتی ئەوروپا كرد بەهۆی هێرشەكە سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت و جەختیشی كردەوە كە یەكێتی ئەوروپا دەوڵەتێك وەك ئەندام وەرناگرێت كە بەو شێوەیەی توركیا رەفتار بكات.

وتیشی"دەمانەوێت سزاكان رون بن و دەمانەوێت لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە لەوبارەیەوە كاردانەوە هەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×