روسیاو ئێران: هاوكار دەبین بۆ رێكخستنی گفتوگۆی نێوان ئەنكەرەو دیمەشق
  2019-10-17       849       

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەكانیان بۆ هاوكاریكردن لە رێكخستنی گفتوگۆ لەنێوان دیمەشق و ئەنكەرەدا، دەردەبڕن.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی روسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ و محەمەد جەواد زەریف، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆندا، چەند پرسێكی پەیوەست بە پەرەسەندنەكانی دۆخی باكوری رۆژهەڵاتی سوریایان تاوتوێ كردوە.

بەپێی بەیاننامەكە هەردولا بۆچونی هاوبەشیان هەبوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە سەقامگیرییەكی تەواو و درێژخایەن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی فوڕات لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری سوریا و یەكپارچەیی خاكەكە بێتەدی ئەوەش لەڕێگەی رێكخستنی گفتوگۆ لەنێوان ئەنكەرەو دیمەشق و هەروەها لەنێوان دەسەڵاتدارانی سوریاو نوێنەرانی كوردی سوریادا.

هەروەك بەیاننامەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لاڤرۆڤ و زەریف جەختیان لەسەر ئامادەیی روسیاو ئێران كردۆتەوە بۆ ئاسانكاریی لەو گفتوگۆیانەدا.

هەروەها بەگوێرەی بەیاننامەكە هەردولا رێككەوتن لەسەر بەردەوامیی ئاڵۆگۆڕی بۆچون و هەماهەنگییەكان لەنێوان وڵاتانی دەستبەركاری پڕۆسەی ئاشتی ئەستانە تایبەت بە سوریا كە پێكدێن لە ئێران، توركیاو روسیا، لەو چوارچێوەیەشدا رێگەخۆش دەكەن بۆ دەستپێكردنی كاری لیژنەی دەستوریی سوریا لە جنێف.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×