مایك پێنس: لەگەڵ توركیا رێككەوتین لەسەر راگراتنی شەڕ لە باكوری سوریا
  2019-10-17       1894       

مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ توركیا گەیشتونەتە رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ لە باكوری سوریا و كشانەوەی هێزەكانی كوردییەكان لەناوچەكانی شەڕ.

ئاوێنە: راگەیاندنی رێككەوتنەكە لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات ئەوەش پاش دانوستانێكی چەند سەعاتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەرۆغان سەرۆك كۆماری توركیادا.

مایك پێنس، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتوەكان و توركیا گەیشتونەتە رێككەوتن لەسەر راگەیاندنی راگرتنی شەڕ لە باكوری سوریا.

مایك پێنس هێمای بۆ ئەوە كرد كە توركیا رازی بوە لەسەر راگرتنی شەڕ لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكەیدا بۆ ماوەی 120 سەعات، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت بە كشانەوەی هێزە كوردییەكان لەناوچەكە.

ئەوەشی خستەڕو كە ئەمریكا دەستی كردوە بە كاركردن لەسەر كشانەوەی هێزە كوردییەكان و ئاماژەی بەوەشدا كە پلانەكە وایە شەڕڤانە كوردەكان بە قوڵایی 20 میل بكشێنەوەو ئاشكراشیكرد كە بەپێی رێككەوتنەكە توركیا نابێت هیچ هێرشێكی سەربازی بكاتە سەر شاری كۆبانێ.

باسی لەوەش كرد كە دۆناڵد ترەمپ-ی لە گەیشتن بە رێككەوتنەكە ئاگاداركردۆتەوەو ئەویش لای خۆیەوە زۆر سوپاسی كردون بۆ راگەیاندنی راگرتنی شەڕ.

بەپێی قسەی مایك پێنس، ئەمریكا بەنیاز نییە هیچ رێكارێكی نوێ دژبە توركیا بگرێتەبەر لە قۆناغی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەداو وتیشی؛ ترەمپ رەزامەندی داوە لەسەر هەڵگرتنی سزاكانی سەر توركیا دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.

ئاشكراشیكرد كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەستیكردوە بە كاركردن لەگەڵ یەپەگە بۆ كشانەوە لەناوچەكەو ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو پڕۆسەیە بە هەماهەنگی نێوان واشنتۆن و ئەنكەرە بەڕێوەدەچێت.

هەروەك جەختیشی كردەوە كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دڵنیایی لە كوردەكان بۆ كشانەوەیەكی رێكوپێك لەناوچەكە وەرگرتوەو دوپاتیشیكردەوە كە پەیوەندی بەهێزی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و هێزە كوردییەكان بەردەوام دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×