سوریا: رێککەوتنی ئەمەریکاو تورکیا تەمومژاوییە
  2019-10-17       1474       
بەسینە شەعبان

راوێژكارێكی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا رایگەیاند، رێككەوتنەكەی ئەمریكاو توركیا سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لەباكوری سوریا "تەمومژاوییە"و دیمەشق رێگەنادات نمونەیەكی وەك هەرێمی كوردستانی عێراق لەوڵاتەكەی دروست بكرێت.

ئاوێنە:  بوسەینە شەعبان، راوێژكاری بەشار ئەسەد، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "مەیادین"، سەبارەت بەو رێككەوتنەی كە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەنێوان توركیاو ئەمریكادا راگەیەندرا كە خۆی لەراگرتنی شەڕ لەباكوری سوریاو كشانەوەی شەڕڤانان لەناوچەكانی شەڕدا دەبینێتەوە، رایگەیاند، رێككەوتننامەكە نێوان ئەمریكاو توركیا تەمومژاوییە، زاراوەی ناوچەی ئارام، دروست نییەو ناوچەیەكی لەو شێوەیە ناوچەی داگیركراو دەبێت.

بوسەینە شەعبان لە میانی چاوپێكەوتنەكەدا هێرشی توندی كردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیاو بە كەسێكی مەترسیدارو دەستدرێژیكار ناوی بردو وتی"دەبێت روبەڕوی ببینەوە."

بوسەینە شەعبان لەوەڵامی ئەو پرسیارە كە ئایا دیمەشق رێگە بە دروستكردنی نمونەیەكی وەك كوردستانی عێراق لەسەر خاكەكەی دەدات، وتی"بێگومان شتی وا ناكرێت."

هەروەك وتیشی"هیچ بنەمایەك لەسوریا بۆ بونی ئۆتۆنۆمییەكی كوردی بونی نییە...ناتوانین بەهیچ شێوەیەك لەوبارەیەوە قسەبكەین، سوریا لە ژمارەیەكی زۆر لە پێكهاتەی ئەتنی و ئایینی پێكهاتوە... لای ئێمە زۆربەی كوردەكان بەشێكی ئازیزی كۆمەڵگەكەمانن، بەڵام هەندێك لە لایەنە كوردییەكان بڕیارێكی سیاسیان داوە كە دژی بەرژەوەندییەكانی وڵاتە."

لەگەڵ ئەوەش بوسەینە شەعبان، سەبارەت بە رێككەوتنەكەی حكومەتی سوریاو هەسەدە، ئەوەی خستەڕو كە ئەو هەنگاوانەی لەپەیوەست بە پەیوەندی حكومەتی سوریاو هەسەدەن نراون هەنگاوی گرنگن، ناكرێت هەمو كێشەكان بە یەكجار چارەسەر بكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×