'سوپاس بۆ مەزڵومەکانمان'
  2019-10-17       2949       

شوان عەبدوڵا حەمەد

ئێمەی کورد مەزڵوممان زۆرە، بە هەزارەها مەزڵوم لەو چیا و کێوانەیە، بە هەزارەهایان لەو شار و دێهاتانەیە، بەڵام ئەمرۆ یەک مەزڵوممان جێگەی شانازی زۆری ئێمەیە، ئەویش جێنێراڵ مەزڵوم کۆبانێیە. ئەو خۆی پاشناوەکەی ناوی شارێکی لە پۆڵا دروست بوی ئێمەیە، شارێکی وەک گوڵ جوان و وەک ئەستێرە درەوشاوەیە. ئەو شارێکە لە بۆنی گوڵاڵە و هەڵاڵەی دەستی کچە شەرڤانی شەهید ئارین میرکان، شارێکە لە گەورەترین بەرەنگاربونەوە کە مرۆڤەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست شانازی پێوەبکەن. ئەو پاشناوەکەی 'کۆبانێی روحە'. 

مەزڵوم خۆشی ناوی کەڵەکێویەکی بە شەهامەت و پڕ مەعریفەی باکورە داگیرکراوەکەمانە، ئەو کەڵەکێویە دایک و باوکی ناویان لێنا 'مەزڵوم' بەڵام ئەو زوڵمیەتی قبوڵ نەکردو لەگەڵ ۲٠ لە هەڤاڵانی بەر لە ٤۱ ساڵ و بەو تەمەنە گەنجیەوە نەخشەی رزگارکردن و قوتارکردنی کوردیان لە باکوری کوردستان دارێژاو، ئێستاش درێژکراوەی خوێن و جەستەی ئاگرگرتوی ئەو مەزڵومەیە کە ئێستا جێنێراڵ مەزڵوم چۆکی بە داگیرکاری داداوە.

پێم وایە ئەگەر هەر ئێستا پێشبڕکێی ساڵ بۆ خۆشترین ناو و بۆ خۆشەویسترین مرۆڤ لە ناو کوردا رێکبخرێت، من دڵنیام ناوی مەزڵوم کە زوڵمیەتی لێ ئەبارێت خەڵاتەکە ئەباتەوە و مەزڵوم خۆشی بە خۆشەویسترین مرۆڤی کورد دەستنیشان ئەکرێت. ئەمرۆ بۆ هەمو کوردێکی ئازاد و خاوەن کەرامەت، چاوە خەفەتبار و زوڵم لێکراوەکانی مەزڵوم هەمو دنیا ئەهێنێت. هەرجارێک وێنەیەکی تری جێنێراڵە خۆشەویستەکە بڵاوئەبێتەوە، من خۆشەویستیم بۆ ئەو چاوانەی ئاگر ئەگرن. ئاخر هەمو ئەو زوڵمیەتەی ئەمرۆ لە ئێمە ئەکرێت راستەوخۆ لە چاوەکانی مەزڵومەوە هەمو دنیا ئەیبینێت. ئاخر مەزڵوم ئەمرۆ هەمو ئازار و دەردەسەریەکانی کوردی لە کۆڵ ناوە و خوێنی ئەو هەمو مرۆڤە بێتاوانە و چارەنوسی ئەو هەمو ژن و پیاو و مناڵ و پیرە لە دەستی مەزڵومی ئێمەدایە، بۆیە مەزڵوم خەوی لێ زڕاوە و چاوەکانی رۆژبەرۆژ خەفەت و ماندوبونیان پێوە دیارن. 

جێنێراڵ مەزڵوم ناوی ئەسڵی خۆی 'فەرهادە' و بەڵام نازناوی شۆرشگێڕی مەزڵومی لە ناوی پیرۆزی شەهید 'مەزڵوم دۆغانەوە' وەرگرتوە. مەزڵوم دۆغان گەنجێکی بوێر و بە توانا و زرنگی باکوری کوردستان بو، یەکێک بو لە دەستەی دامەزرێنەری پەکەکە و لە زیرەکی و پڕ هۆشیاریدا هەڤاڵانی نازناوی 'کتێبخانەی گەڕۆکیان' لێنابو. لە زیندانی ئامەد لە شەوی جەژنی نەورۆزدا بۆ ئیدانەکردنی وەحشیگەری دەوڵەتی تورک و بارودۆخی ناو زیندان، ئاگر لە جەستە گەنج و پیرۆزەکەی خۆی بەردەدات. مەزڵوم لە نامەیەکدا پێش چالاکیەکەی ئەنوسێت: ئەو ژوری زیندانانە بۆ ئاوا تاریک و بێ دەنگن؟ ئەرێ کەسێک نیە ببێت بە روناکی و دڕ بەم شەوەزەنگی تاریکیە بدات؟ بۆیە مەزڵوم خۆی و جەستەی خۆی ئەکات بەو ڕوناکیە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا و هەتا روناکی و بریسکانەوەی چاوەکانی مەزڵوم کۆبانێ هەر مەزڵوم دۆغانە و جەستە و روح و زهنیەتی ئەوە کە دڕ بە تاریکی شەوەزەنگ ئەدات. هەر شەهیدانی زیندانەکەی ئامەد 'کەمال پیر و محمد خەیری دورمش و عاکیف یەلماز و عەلی چیچەکن' لەپێش کاروانەکەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و یەپەگە و یەپەژەوە ئەجەنگن.

من جگە لەم مەزڵومە قارەمانە، مەزڵومێکی تریش باش ئەناسم، ئەویان ئازاری پەپولەیەکیشی پێنادرێت، ئەویان پزیشکێکی کوردی یارسانی خەڵکی شارە شیرینەکەی کرماشانە و ئەو مەزڵومە فەرمانداری روحشیرینی ئێمەیە و ئێستا لە چیا سەربەرزەکانی باشوری کوردستانە. ئەو مەزڵومەیان ئێواران خواردن ناخوات، بەجێی ئەوە کاتی ناخواردن ئەو ئەچێت ئاوی تەماتە و بیبەر و تور و کەوەر و کەرەوزەکانی ئەدات. ئەو ئەڵێت با ئەوان ئەم ژەمە لە جیاتی من نان و ئاو بخۆن. ئەم مەزڵومانە هەروان، لە ئەوەڵ مەزڵومەوە هەتا ئەوانەی ئێستا و ئەوانەشی هەزار ساڵی تریش دایکەنیشتمان ئەیانهێنێتە دنیاوە، پڕاو پڕی جوانی و خۆشەویستی خۆیان، پڕاوپڕی مەزڵومیەتی گەلەکەیان و پڕاوپڕی ئازایەتی و کەرامەتیان، هێشتا پڕاووپڕی ئەوانە و پڕاوپڕی ئەم جیهانە و بەجێی هەمو سیستمە بێ ئەخلاقەکەی ترەمپ، ئەم مەزڵومانەی ئێمە ئەخلاق و مرۆڤبونیان لێئەبارێت. 

کەوایە من لە جێگەی خۆمەوە سەری رێز و پێزانینم بۆ مەزڵومەکانمان دائەنەوێنم، هەر لە یەکەمیانەوە، شەهید مەزڵوم دۆغان هەتا فەرماندارە روح شیرنەکەمان مەزڵوم کۆبانێ و بۆ پزیشکە هەست جوان و مرۆڤدۆستە یارسانیەکەی کرماشانمان مەزڵوم هەفتەن. سڵاوتان لێ بێت و بەندە سوپاسگوزاری ئێوەیە بۆ بەرگریکردنتان لە کوردبونم!

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×