توركیا پێشێلی ئاگربەست دەكات و هێرش دەكاتە سەر سەرێكانی
  2019-10-18       1437       

بەپێی ئاژانسی هاوار نیوز، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، چەكدارانی میلیشیاكانی سەربە توركیا پێشێلی ئەو ئاگربەستەیان كردوە كە ئێوارەی دوێنێ راگەیەندراو هێرشیان كردۆتە سەر شاری سەرێكانی لە رۆژئاوای كوردستان.

ئاوێنە: ئاژانسەكە كە نزیكە لە یەپەگەوە، لەهەواڵێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە چەكدارانی میلیشیاكانی سەربە توركیا لە شاری سەرێكانی پێشێلی ئاگربەستەكەیان كردوەو هێرشیان كردۆتەوە سەر چەند پێگەیەكی هەسەدەو سوپای توركیا دەستی كردوە بە لابردنی دیوارەكانی سەر سنوری شارەكەو رەوانەكردنی چەكدارانێكی زیاتر میلیشیاكان بۆ ناو شارەكە.

چەكدارانی میلیشیا بەكرێگیراوەكانی توركیا لە ئێستا هێرش دەكەنە سەر چەند پێگەیەكی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە گۆڕەپانی شەهیدان و هەروەها بە چەكی سوك هێرشیان لەنزیك نەخۆشخانەی شارەكە  دەستپێكردوە بەمەبەستی گەیشتن بەو نەخۆشخانەیە كە پڕە لە بریندار.

بەگوێرەی ئاژانسی هاوارنیوز، هێزەكانی سوریای دیموكرات تا ئێستا وەڵامی هێرشەكانی ئەو چەكدارانەیان نەداوەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە سوپای توركیا دەستی كردوە بە لابردنی ئەو دیوارە چیمەنتۆییانەی لەسەر سنور هەن بەرامبەر گوندی "عەلوك" و لەوێوە چەكداری زیاتر میلیشیاكان دەنێرێتە نێو سەرێكانی كە ئەوەش پێشێلكردنێكی ئاشكرای ئەو رێككەوتنی ئاگربەستەیە كە دوێنێ راگەیەندرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×