مەسعود بارزانی: لەهەر رێككەوتنێكدا پێویستە چارەنوسی كورد لەسوریا لەبەرچاوبگیرێت
  2019-10-18       578       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، هەر رێككەوتنێك لەبارەی قەیرانی سوریاوە بكرێت پێویستە قوربانییەكانی كوردو چارەنوسی كوردی تێدا لەبەرچاو بگیرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە جان ئیف لۆ دریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كرد.

لەسەرەتای دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ گەلی کوردستان دوپات كردەوە.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، بەتایبەت مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و دۆخی باکوری سووریا، تاوتوێ كران.

مەسعود بارزانی جارێکی دیکە نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخەکەو چارەنوسی کورد لە سووریا بۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رون کردەوە و رایگەیاند: هەر چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە پێشنیار بکرێت و لەهەر ڕێککەوتنێکدا پێویستە قوربانییەکانی کوردو چارەنوسی کورد لە سوریا لەبەرچاو بگیرێت.

مەسعود بارزانی داواشی کرد فەرەنسا وەک دۆستێکی هەمیشەیی گەلی کوردستان و بەشێکی گرنگ لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی دیموگرافی لەناوچە کوردنشینەکانی باکوری سوریا و رودانی کارەسات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

هەر لە دیدارەکەدا بە وردی باسی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی گروپی تیرۆریستیی هاوشێوەی داعش کرا و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا نیگەرانیی وڵاتەکەی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە دۆخی شێواوی ناوچەکەدا دەربڕی و جەختی لەسەر بەردەوامیی هاوپەیمانی و هاوکاریی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دژی تیرۆر، کردەوە.

بارزانی رایگەیاند کە بەداخەوە ئەو ڕەوشەی زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی داعش و گرووپە هاوشێوەکانی ڕەخساند هێشتا ماوە و ئاڵۆزی دۆخەکە خزمەت بە سەرهەڵدانەوەی ئەوان دەکات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×