ئەردۆغان دەڵێت: ناوچەی ئارام لەڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوری عێراق دەبێت
  2019-10-18       1158       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رەتیدەكاتەوە هیچ شەڕو پێكدادانێك لە ئێستادا لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لەئارادا بێت و راشیگەیاند، ئەو ناوچە ئارامەی كە بڕیارە لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەمریكاو توركیادا لەناوچەكە دروست بكرێت، لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنوری عێراق دەبێت.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، لە ئێستاوە قۆناغی ئەو 120 سەعاتە كاری پێدەكرێت كە بەپێی رێكەوتنی وڵاتەكەی و ئەمریكا وەك قۆناغی راگرتنی شەڕ لەباكوری سوریا دیاریكراوە.

ئەردۆغان هێمای بۆ ئەوەش كرد كە بەپێی رێككەوتنەكە لەماوەی ئەو 120 سەعاتەدا هێزەكانی یەپەگە ئەو ناوچەیە جێدەهێڵێن كە وەك ناوچەی ئارام دیاری كراوە.

ئاشكراشیكرد كە ناوچەی ئارام بە درێژایی 440 كیلۆمەتر لەسەر سنور دەبێت و لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنور دەبێت لەگەڵ عێراق.

جەختیشی كردەوە كە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رێككەوتون قوڵایی ناوچە ئارامەكە 32 كیلۆمەتر بێت.

ئەوەشی خستەڕو كە لەگەڵ ئەمریكا بەردەوام لەپەیوەندیدا دەبن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.

لەگەڵ ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و روانگەی سوری باسیان لەوە كردوە كە ئەمڕۆ هێزەكانی توركیا ئاگربەستیان پێشێلكردوە لە ناوچەی سەرێكانی، بەڵام ئەردۆغان ئەوەی رەتكردەوە.

جەختیشی كردەوە كە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی رێککەوتنەکەیان ئەوەیە، ئەو ھێزە ئەمنییانەی توركیا کە لە ئێستادا لەناوچەكەن گۆڕەپانەکە جێناھێڵن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×