خەڵك بۆ ئەوەندە دەڵێن؟! بۆ كەمێكی كەم ڕانامێنن؟!
  2019-10-18       4238       

ھێمن قەرەداغی

 

مەرگ ویقاری خۆی ھەیە،بێدەنگی و دڵتەنگی و وەستانی وجودیی دەوێت...

ئێمەش جیاوازیەكمان نیە لەگەڵ ئەواندا، لە بچوكترین ھەڵچون و بچوكترین فرسەتدا، بە وشەی فیشەك ئاسا یەك دەكوژین... دوو ڕۆژە خەڵك ھەزاران فیشەكیان بە ڕۆحی یەكترەوە ناوە... ساڵانێكە ھەموومان لەم سەنگەرەداین بۆ یەك.
دونیای نوێ و سۆشیال میدیاكەی وایكردووە ھەمووان وەك فریشتە خۆیان نمایش بكەن و نەوێرن توڕەییەكانیان، نیگەرانییە ڕاستەقینەكانیان، ھاوارە خەفە كراوەكانیان، برینەكانیان ئەوانیتر بیبینێ... ھەمووان لە ڕووكەشدا پەپولەن و زەردەواڵەكیش لە ناویاندا گیزەی دێت، ھەمووان لەسەر شانۆكە گوڵن و دڕكیش لە ناوەوە ھەنجن ھەنجنی كردوون، ھەمووان لە ڕووناكیدا بەھارن و لە تاریكییە پەنھانەكەی خۆشیاندا وەك گەڵای پاییز دەوەرن، بە ڕووكەش گۆرانی دەڵێن و لە دڵەوە دەگرین، لەبەرچاوی ئێمە سەما دەكەن و لە ماڵەكانی خۆیاندا شین دەگێڕن...
ئەوەی ڕویدا چیرۆكی ھەموومانە، چیرۆكی ئەو مرۆڤە ھەزار ڕووەیە كە چیتر ناتوانێ بە ئاشكرا ھاوار بكات، كە چیتر ناتوانێ خۆی بێت، وەك بۆمبێكی تەوقیتكراو خۆی ھەڵدەگرێت بۆ تەقینەكەوەیەك كە خۆشی نازانێ كەیە...
پێشتر ئینسان ھاواری دەكرد و شەرمی نەدەكرد، دەگریا و پێی نەنگی نەبوو، شەكوای حاڵی خۆی دەكرد و نەدەترسا لەوەی ببێتە مەسخەرەی زەمانە...
ئەو پێشتر لە كۆڵانێكدا دەگریا و ھەموو شار پێی نەدەزانی، لە ماڵێكدا ھاواری دەكرد و ھەموو وڵات پێی نەدەزانی، ھەموو سەر زەوی پێی پێنەدەكەنی، وێنەكانی نەدەچوونە ماڵی ھەموو كەسێكەوە، ھەمووان بۆیان نەبوو قسە لەسەر ژیانی بكەن...
پێشتر مرۆڤ ھەر عەیبێكی ھەبووایە، نەدەبوو بە پەندی زەمانە و ھەموو دونیا پێی بزانێ، نەدەكرا بە پەڕۆی بێ نوێژ... ئەوكات حەرەم ھەبوو، سنوور ھەبوو، حورمەت ھەبوو، خسوسیەت و ژیانی تایبەت ھەبوو...
بەڕاست بۆ لە خۆت ناپرسیت.. بۆ لە من ناپرسیت.. بۆ لەوان ناپرسیت:
ئەرێ خەڵك بۆ ئەوەندە دەڵێن؟!!!


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×