هەسەدە: لە رۆژی نۆیەمی شەڕو پێكداداندا 93 چەكداری سەربە توركیا كوژراون
  2019-10-18       623       

هەسەدە ئەنجامی رۆژی نۆیەمی شەڕ و پێكدادانەكانی لە باكوری سوریا بڵاوكردەوەو دەڵێت؛ لەماوەی 24 سەعاتی رۆژی نۆیەمدا 93 چەكداری میلیشیاكانی سەربە توركیا كوژراون و لەبەرامبەردا نۆ شەڕڤانیش شەهیدبون.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)، لەبەیاننامەیەكدا ئەنجامی رۆژی نۆیەمی شەڕو پێكدادانەكانی بڵاوكردەوە.

بەپێی بەیاننامەكە سوپای توركیا و میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئەو سوپایە بە بۆردومان و تۆپبارانی خەست، بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتوشیەتی"هێزەکانی ئێمەش لە چوارچێوەی پاراستنی هەرێمەکە و خەڵکی مەدەنی، وەڵامی بەهێزی هێرشەکان دەدەینەوە."

هەسەدە ئاماژەی بە کۆی ئامارەکانی شەڕ و بەرخۆدانی ئەو  24 سەعاتەی رۆژی نۆیەمی شەڕ و پێكدادانەكان کردوە و رایگەیاندوە: بە گشتی لە ئەنجامی شەڕ و بەرخۆدانەکاندا بەلانیکەمەوە93 چەكداری میلیشیاكانی سەربە توركیا كوژراون و ژمارەیەکی زۆر برینداربون، هەروەها چوار زرێپۆش، چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانکێک تێکشکێندراون.

هەسەدە، هەروەها ڕایگەیاندوە، لەو ماوەیەدا نۆ شەڕڤان کە بە قارەمانێتی شەڕیان کردوە شەهید بون و 41 شەڕڤانیش بریندار بون.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە: ئەم ئامارە قۆناغی دوای بڕیاری وەستاندنی شەڕ لەخۆ ناگرێت، بەڵام سوپای داگیرکەری تورکیا و گروپە چەتەکانی سەرەڕای بڕیاری ئاگربەستیش، هێرشەکانیان بۆسەر سەرێکانی بەردەوامن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×