ئه‌ردۆغان: 12 بنكه‌ی‌ چاودێری‌ له‌ناوچه‌ی‌ ئارام داده‌مه‌زرێنین
  2019-10-18       1228       
رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌نیازن له‌ناوچه‌ی‌ ئارام-سنوری‌ نێوان توركیاو سوریا- 12 بنكه‌ی‌ چاودێری‌ دابمه‌زرێنن. به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا پابه‌ند نه‌بێت به‌ڕێككه‌وتنی‌ نێوانیانه‌وه‌، هێرشه‌كانیان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسی‌ ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سه‌ركۆماری توركیا باسی‌ له‌رێككه‌وتنی‌ نێوان ئه‌مریكاو توركیا كردو ڕایگه‌یاند، "ئەگەر بەڵێنەکە نەبرێتە سەر، لەو خولەکەوە کە 120ەمین کاتژمێر تەواو دەبێت لەکوێی ئۆپەراسیۆنەکەدا بوبین، پێداگیرانەتر بەردەوام دەبین لەسەری".

وتیشی‌، توركیا 12 بنكه‌ی‌ چاودێری‌ له‌ناوچه‌ی‌ ئارام داده‌مه‌زرێنێت‌و نزیكه‌ی‌ دو ملیۆن ئاواره‌ی‌ سوری له‌و ناوچانه‌ نیشته‌جێ ده‌كات.

هۆشداریشی‌ دایه‌ حكومه‌تی‌ سوریا كه‌ هه‌ر "هه‌ڵه‌یه‌ك" بكات به‌توندی‌ وه‌ڵامی‌ ده‌ده‌نه‌وه‌.

سەرۆكکۆماری تورکیا وتی‌، "ئەگەر ئەمریکا تا تەواوبونی ماوەی 120 کاتژمێرەکە لەئێوارەی سێشەممە ئەو بەڵێنانە بەرێتە سەر کە بەئێمەی داوە، پرسی ناوچەی ئارام چارەسەر دەبێت".

به‌وته‌ی‌ ئه‌ردۆغان، تا ئێستا 360 کیلۆمەتر له‌باكوری‌ سوریایان داگیركردووه‌ کە 65یان ناوچەی نیشتەجێبونن‌و ھەردو شارۆچکەی گرێ سپی‌و سەرێ کانی-یان لەنێودان. هه‌روه‌ها بەدرێژایی ماوەی هێرشه‌کە چوار سەربازی‌ توركیاو 74 سەربازی گروچه‌ چه‌كداره‌كان كوژراون.

سەرکۆماری تورکیا ئه‌وه‌شی‌ وت، "کاردانەوەی‌ هێرشه‌کان گەیشتنە ئاستێک کە سنوری ژیری‌و لۆژیک ببڕن. بەڵام ئێمە وێڕای ئەوەیش پێداگیرانە بەردەوام بوین لەئۆپەراسیۆنەکەمان".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×