هەسەدە: لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە 13 شەڕڤان و پێنج هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون
  2019-10-19       1119       

وتەبێژی هەسەدە رایگەیاند، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست هێزەكانی توركیا هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی باكوری سوریا رانەگرتوەو ئاشكراشیكرد كە لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە تا ئێستا 13 شەڕڤان و پێنج هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون.

ئاوێنە: کینۆ گابریەل، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، لەبەیاننامەیەكدا سەبارەت بە ئاگربەستە راگەیەندراوەكەو پێشێلكارییەكانی هێزەكانی توركیا، بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە.

وتەبێژی هەسەدە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستەوە هێزەكانی ئەمان لەهیچ ناوچەیەك هێرشی نەكردوە بەڵام هێرشەكانی توركیا بە تۆپ و فڕۆكەو هەروەها هێرشی میلیشیاكانی سەر بەو وڵاتە لە بەرەی سەرێكانی رانەگیراون.

کینۆ گابریەل ئاشكراشیكردوە كە لەئاكامی ئەو هێرشانەی لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستەكەوە كراونەتەوە سەر ناوچەكانی سەرێكانی، 13 شەڕڤان و پێنج هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون.

وتەبێژی هەسەدە داوای لە هەمو لایەك بەتایبەت لایەنەكانی بڕیاری ئاگربەست كردوە لەچوارچێوەی بڕیارەكەدا بجوڵێنەوەو جەختیشی كردۆتەوە كە هێزەكانیان مافی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانیان لەچوارچێوەی مافی بەرگریی رەوادا هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×