هەسەدە داوا لە ئەمریكا دەكات گوشار لە توركیا بكات بۆ پابەندبون بە رێككەوتنەكە
  2019-10-19       569       

فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) دەڵێت، ئێمە پابەندین بەو ئاگربەستەوە كە ئەمریكاو توركیا لەسەری رێككەوتن. داواش لە ئەمریكا دەكات پابەندو پەیڕەوی رێككەوتنەكە بێت و گوشار لە لایەنی توركی بكات بۆ كردنەوەی رێڕەوێكی ئارام لەپێناو بردنە دەرەوەی بریندارەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی گەمارۆدراو لە شاری سەرێكانی.

ئاوێنە: فەرماندەیی گشتی هەسەدە، ئەمڕۆ شەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هێزەكانی سوریای دیموكرات رەزامەندیان لەسەر ئەو رێككەوتنە دا كە رۆژی 17ی ئەم مانگە بەنێوانگیری ئەمریكا كرا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیمەو توركیادا.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئێمە لە سەعات 10ی شەوی 17ی مانگەوە پابەندبوین بە رێككەوتنەكەوە بەڵام لایەنی توركی بەردەوام بو لەسەر هێرشەكانی و پێشێلی ئاگربەستەكەی كردو تا ئێستاش رێگەنادات بە كردنەوەی رێڕەوێكی ئارام بۆ بردنە دەرەوەی ئەو بریندارو هاوڵاتییە مەدەنیانەی كە لە شاری "سەرێكانی" گەمارۆدراون، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی كە زیاتر لە 30 سەعات بەسەر جێبەجێكردنی ئاگربەستەكەدا تێپەڕیوە.

فەرماندەیی گشتی هەسەدە ئەوەشی خستۆتەڕو كە مایك پێنس، جێگری سەرۆك و مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە ئیمزای رێككەوتنەكەیان لەگەڵ لایەنی توركی كردوە، بەرپرسیارێتی ئەوەیان دەكەوێتە ئەستۆ كە توركیا پابەند بكەن بە جێبەجێكردنی پڕۆسەی ئاگربەست و كردنەوەی رێڕەوێكی ئارام بۆ بردنەدەرەوەی ئەو بریندارو هاوڵاتییە مەدەنیانەی گەمارۆ دراون ئەوەش لەسەر بنەمای رێككەوتنەكان لەگەڵ لایەنی ئەمریكی لەسەر ئەو بابەتە.

هەسەدە وتوشیەتی"وێڕای پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ لایەنی ئەمریكی و ئەوەی بەڵێنیان پێداوین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ بەرەوپێشچونێكی دیار روینەداوە."

لەكۆتاییشدا دوپاتیكردۆتەوە، ئێمە بەڵێنمان دا پابەندبین بە ئاگربەستەوە و تا ئێستاش پابەندین پێوەی، بەڵام هاوكات داوا لە لایەنی ئەمریكی دەكەین پابەند بێت پێیەوەو پەیڕەوی بكات و هەروەها گوشار لە توركیا بكات بۆ كردنەوەی رێڕەوێكی ئارام لەپێناو بردنەدەرەوەی برینداران و هاوڵاتیانی مەدەنی لە سەرێكانی كە گەمارۆ دراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×