"زیاتر لە سێ هەزار پەنابەری رۆژئاوا هاتونەتە هەرێمی كوردستان"
  2019-10-19       309       

عەلی عیسا، بەڕێوەبەری داتا و زانیارییەكان لە فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان ئاشكرایكرد، بەپێی دوایین ئامار، لە 9ی ئەم مانگەوە تاوەكو ئێستا، سێ هەزار و 56 پەنابەری رۆژئاوای كوردستان هاتونەتە هەرێمی كوردستان و تەنها شەوی ڕابردو زیاتر لە 700 پەنابەر هاتون.

ئاوێنە: عەلی عیسا، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"لە 9ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكو ئێستا سێ هەزار و 56 پەنابەری رۆژئاوای كوردستان ڕویان لە هەرێمی كوردستان كردوە، كە لە قەزای بەردەڕەش كەمپمان هەیەو لەوێ نیشتەجێ كراون، چونكە كەمپەكە ئامادەیەو تەنیا هەندێك پێویستی هەبو، كە ئەوانیشی بۆ دابین كراوەو هاوكارییشمان بۆ دابین كردون".

بەڕێوەبەری داتا و زانیارییەكان وتیشی، تەنیا شەوی ڕابردو 725 پەنابەر هاتون بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەر شەڕیش بەردەوام بێت، پەنابەری زیاتر ڕو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.

عیسا رونیشی كردەوە "پەیوەندیی بەردەواممان لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەیە بۆ ئەوەی هاوكاریی پەنابەرەكان بكرێت، چونكە ژمارەی ئاوارەكان زۆرە و پێویستە حكومەتی عێراق و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هاوكاریمان بكەن، بەڵێنیشیان داوە هاوكار بن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×