سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران: کشانەوەی هێزەکان لە سووریا دوژمنەکانی ئەمریکا بەهێز دەکات
  2019-10-19       1486       
سەرۆکی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، ''کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیە, ئەو هەنگاوەی دۆناڵد ترەمپ دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا و خەڵکەکەی کەمتر سەلامەت بن''.

ئاوێنه‌: میچ مکۆنێڵ لە بابەتێکدا لە رۆژنامەی واشنتن پۆست دەنووسێت، ئەو هەنگاوەی دۆناڵد ترەمپ دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا و خەڵکەکەی کەمتر سەلامەت بن، دواتر ئەو کارە دووژمنەکانی ئەمریکا بەهێز دەکات و هاوپەیمانە گرنگەکانی لاواز دەکات. 

مکۆنێڵ لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، راگەیاندنی کشاندنەوەی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئەو مەترسییە دووبارە دەکاتەوە کە لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا روویدا، ئەوەش کاتێک سوپای ئەمریکای لە عێراق کشاندەوە و ئەوەش بووەهۆی دەرکەوتنی داعش. 

سەرۆکی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەڵێت، کشانەوەی ئەمریکا و گرژییەکانی نێوان تورکیا و هەسەدە بارودۆخێکی خراپی بۆ ئەمریکا خوڵقاندووە و دەنووسێت، "تەنانەت ئەگەر ئاگربەستە پێنج رۆژەییەکەش باردەوام بێت، رووداوەکانی هەفتەی رابردوو کاریگەری نەرێنیان لەسەر شەڕی ئەمریکا دژی داعش و تیرۆریستەکانی دیکە هەبووە". 

مکۆنێڵ دەڵێت، ئەگەر کشانەوەی سوپای ئەمریکا نەوەستێنرێت، ئەوا ئەسەد و ئێران پێگەی خۆیان بەهێز دەکەن و پێگەی رووسیاش لە سووریا و سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×