وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: شتێکی باشە کە چەکەکان بێدەنگ کراون
  2019-10-19       848       
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس دەستخۆشی لە تورکیا کرد کە شەڕی لە سوریادا وەستاندووە، هەوەها دوپاتی کردەوە کە پێویستە تورکیا کۆتایی بە ئۆپوراسیۆنەکان بهێنێت و سوپاکەی لە سوریادا بکشێنێتەوە.

ئاوێنه‌: وتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتننامەی نێوان ئەمریکا و تورکیا دڵخۆشی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای دەربڕی کە تیایدا بەهۆی ئەو ڕێکەوتننامەیەوە بۆ ماوەی ١٢٠ کاتژمێر شەڕ و ئاڵۆزیەکانی نێو سوریا دەوەستێندرێت، لە دوای ئەو ڕێککەوتن نامەیەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا و تییدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سەرەڕای دڵخۆشی دەربڕینی ڕایگەیاند ئەوان سورن لەسەر ئەوەی کە چەک بۆ حکومەتی تورکیا نەنێرن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند ئێمە پشتگیری هەر هەنگاوێک دەکەین کە ببێتە هۆی وەستاندنی شەڕ و نەکوژرانی هاوڵاتی مەدەنی لە ناوچەکەدا, بەڵام هەتا ئێستە لەشکرکێشیەکەی حکومەتی تورکیا بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەندین پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئێمە پشتگیری لەم ئاگربەستە دەکەین و ئومێدەوارین ئەم ئاگر بەستە تەنها بۆ ماوەی ١٢٠ کاتژمێر نەبێت و بە تەواوەتی ئاگر بەست لەو ناوچانەدا ڕابگەیێندرێت. هەروەها وتەبێژەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە کێشەکانی نێوان تورکیا و هێزە کوردەکانی سوریا لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت.

سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر یەپەگە بە پلانی جیۆپۆلیتیک ناوبرد و ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی تورکیا کارەساتی مرۆی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، مێرکڵ لەو بارەیەوە وتی دروست بونی درامی مرۆڤایەتی بووەتە هۆی ئەوەی کە حکومەتی ئەڵمانیا بڕیار بدات کە ناردنی چەک بۆ تورکیا ڕابگیرێت.

دوای ئەوەی کە مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئێردۆغاندا کۆ بووەوە بڕیار درا کە شەڕ لە باکور  وڕۆژهەڵاتی سوریادا بوەستێندرێت، لە بەرامبەردا هێزەکانی هەسەدە لەو ناوچانەدا دەکشێنەوە کە تورکیا دەیەوێت داگیری بکات، ئێردۆغان لە کۆتا وتاریدا ڕایگەیاند ئەگەر هێزە کوردیەکان لەو ناوچانە بکشینەوە ئەوا ئەوا ناوچەی ئارام دروست دەکەن و پەنابەرە سوریەکانی نێو تورکیا بۆ ناوچەی ئارام دەگوازنەوە پاش ئەوە کۆتای بە ئۆپەراسیۆنی بارش پنار دەهێنن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×