سه‌در بۆ خۆپیشانده‌ران: كاربه‌ده‌ستان ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌ندێك ده‌م چه‌ور كردن بێده‌نگتان بكه‌ن
  2019-10-19       688       

رابه‌ری ره‌وتی سه‌در به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی داهاتووی عیراق ده‌كرد كه‌ بڕیاره‌ 25ی ئه‌م مانگه‌ ساز بكرێت و رایگه‌یاند: "سیاسی و كاربه‌ده‌ستان ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌ندێك ده‌م چه‌ور كردن، بێده‌نگتان بكه‌ن، وه‌ك دامه‌زراندن و موچه‌ و شتی دیكه‌، هه‌مووشیان  بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر كۆبونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ریان پێ نییه‌"

ئاوێنه‌: له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19ی تشرینی یه‌كه‌می 2019 ده‌ریكردوه‌، موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاندوه‌: خۆپیشاندانه‌كه‌ی 25ی ئه‌م مانگه‌ مافی خۆتانه‌، به‌ڵام با پێتان بڵێم چی له‌ پشت په‌رده‌وه‌ روو ده‌دات، هه‌موو سیاسیه‌كان و كاربه‌ده‌سته‌ حكومییه‌كان له‌ هه‌ڵچوونی گه‌ل تۆقیون و هه‌موویان كه‌وتونه‌ته‌ خۆیان، به‌ڵام تازه‌ كار له‌كار ترازاوه‌.

سه‌در روی له‌ وڵاتانی دراوسێش كردوه‌ و وتویه‌تی: "دراوسێكان, واز له‌ گه‌ل بێنن بڕیار له‌ چاره‌نوسی خۆی بدات، هه‌ركات گه‌ل بڕیاری دا ده‌بێت گوێ له‌ ده‌نگی بگیرێت، ئه‌گه‌ر گه‌لیش بێده‌نگ بوو، پێویسته‌ ئێوه‌ش بێده‌نگ بن".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا رابه‌ری ره‌وتی سه‌در بانگه‌وازی بۆ سوپای عیراق و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كردوه‌ و پێی وتون ''ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان ده‌كات، گه‌لی خۆتانه‌ نه‌ك داعش و داگیركه‌ر، نه‌كه‌ن لوله‌ی تفه‌نگه‌كانتان بكه‌نه‌ رۆڵه‌ و براكانتان، نه‌كه‌ن زیندانه‌كانیان پێ پڕ بكه‌نله‌ خۆپیشانده‌ران، به‌ڵكو پڕی بكه‌ن له‌ گه‌نده‌ڵكاران".

سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در پێشنیازی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌عێراق به‌چاودێری نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، هاوكات هۆشداریشده‌دات گه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌نجامنه‌درێت ئه‌وا "شۆڕش" دژی گه‌نده‌ڵیی ئه‌نجامده‌درێت.

هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در ڕه‌خنه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌گرێت به‌ڵام ڕه‌وته‌كه‌ی پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی حكومه‌ته‌ و تا ئێستا وه‌زیره‌كانی له‌ حكومه‌تدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×