ئەفسەرێكی ئەمریكی: شەڕڤانانی هەسەدە یەكێك لە رەوشتبەرزترین ئەو خەڵكانە بوون كە لە ژیانمدا بینیومن
  2019-10-20       3046       
ئەفسەرێكی ئەمریكی كە ئەمساڵ رۆژئاڤای بەرەو ئەمریكا جێهێشتووە، رایده‌گه‌یه‌نێت "شەڕڤانانی هەسەدە یەكێك لە رەوشتبەرزترین ئەو خەڵكانە بوون كە لە ژیانمدا بینیومن، هەست بە شەرمەزارییەكی قووڵ دەكەم كە وڵاتەكەم رێگەی داوە بەم چارەنووسە بچن''.

ئاوێنه‌: ئەفسەرێكی ئەمریكی بە  گۆڤاری فۆرین پۆڵسی ئەمریكی رایگه‌یاندوه‌ ''بەو هیوایەوە سووریای جێهێشتووە كە ئەمریكا بە تەواوی پشت لە هەسەدە ناكات، بەڵام دوای تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچە سنوورییەكان، دەڵێت "بە تەواوی رووخاوم".

ئەفسەرێكی دیكە بە گۆڤارە ئەمریكییەكە دەڵێ "شەڕڤانانی هەسەدە یەكێك لە رەوشتبەرزترین ئەو خەڵكانە بوون كە لە ژیانمدا بینیومن". مارینزێكیش كە لە 2017 تاوەكو 2018 لە سووریا بووە دەڵێ "هەستدەكەم لە تاو دڵەڕاوكێ و نیگەرانی نەخۆش كەوتووم، هەست بە شەرمەزارییەكی قووڵ دەكەم كە وڵاتەكەم رێگەی داوە هاوپەیمانە نزیكەكانمان كە هەموو شەڕەكەیان بۆ ئێمە كرد بەم چارەنووسە بچن، لەكاتێكدا ئێمە دەمانتوانی رێگەی لێبگرین".

هەسەدە لە ساڵی 2015 بە دەستپێشخەری یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە و بە هاوكاریی ئەمریكا لە ژمارەیەك هێزی كوردی، عەرەبی و مەسیحی دامەزراوە. ئەو هێزانە لە چوار ساڵی رابردوودا رۆڵی هێزی پیادەی هاوپەیمانان لە سووریایان گێڕاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. توركیا ئەو هێزانە بە باڵی سووریای پارتی كرێكارانی توركیا پەكەكە لە قەڵەم دەدات و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بە قووڵاییەكی ستراتیژیی پەكەكە دادەنێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×