نامەی کۆمەڵێک نووسەری جیھانیی بۆ یەکێتی ئەوروپا: ڕێ لە کۆمەڵکوژیی کوردان بگرن
  2019-10-20       2060       

ڕۆژنامەی گاردیان نامەی  کۆمەڵە نووسەرێکی جیھانیی بەناوبانگی بۆ یەکێتی ئەوروپا بڵاوکردۆتەوە، نامەکە پێد اگرتنێکی ئەخلاقییە لەسەر ئەو ڕۆڵەی پێیستە نووسەران و ڕۆشنبیران لە دونیادا بیبینن. نامەکە  داوای ڕێگەگرتن لە بەردەوامی ئەو جەنگە دەکات کە ئەردۆگان بەرامبەر کوردانی ڕۆژئاڤا ھەڵیگیرساندوە.  نووسەرەکان خۆیان وەک نوێنەری ویژدانە ئینسانیی و فەرھەنگییەکەی ئەوروپا نیشانئەدەن و پێیانوایە ئەوروپا نابێت لەبەرامبەر ئەم جەنگەدا بێدەنگ بێت. لەدیدی ئەم نووسەرانەدا ئەم جەنگە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئەوروپاوە ھەیە،  چونکە ئەو چەکانەی لەم جەنگەدا بەکاردێن ئەو چەکانەن کە ئەوروپا دروستیکردون و ئەوروپا فرۆشتونی. 

ئاوێنه‌: خاڵێک کە ئەم نووسەرانە جەغتی لێدەکەن ئەوەیە کە ئەردۆگان درۆ لەگەڵ ھەموو جیھاندا دەکات، بەوەی ئەو جەنگە وەک جەنگ ناونەبات و وەک ھەوڵدانێک بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتیی دەیناسێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش وشەیەک ئەمڕۆکە لە تورکیادا ناتوانرێت باسبکرێت وشەی جەنگە.  ھەموو باسکردنێکی وشەی جەنگ لەو وڵاتەدا وەک تاوان و خیانەتی نیشتیمانی وێنادەکرێت، ئەو کەمە دەنگە ئازادانەش کە ماون و دەوێرن بەڕوونی بدوێن و جەنگەکە وەک جەنگ ناوبنێن، ڕووبەڕووی سەرکوت و ھێرش و زیندانیکردن دەبنەوە. 

نووسەرەکان داوادەکەن ئەوروپا یەکدەنگ بە ھانای کوردەکانەوە بچێت و گوێ لەو حیکایەتە درۆزنانە نەگرێت کە ئەردۆگان بۆ دونیای دەکات. 

نووسەرەکان: ڕۆبێرتۆ ساڤیانۆ، سڤێتلانا ئەلێکسیڤیچ، فێرناندۆ ئارامبورۆ، ماری ئەوگە، مارتن کاپارۆس، ئانی ئێرناوکس، ئیلێنا فێرانتە، بێرنارد ھێنری لیڤی، حەنیف کورەشی، سەلمان ڕوشدی، ماریۆ فارگا لۆسا، ھێرتا مولەر، ڕۆبەرت ھاریس.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×