"شەڕڤانانی هەسەدە لە سەرێكانی كشانەوە"
  2019-10-20       1128       

ئاژانسێكی روسی و ئاژانسێكی سوری دەڵێن: شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) لە شاری "سەرێکانی" لە رۆژئاوای كوردستان کشانەوە، ئەوەش دوای بردنەدەرەوەی دوایین کاروانی بریندار و شەهیدەکان.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمی سوریا(سانا) و هەواڵی "سپوتنیك"ی روسی، تەواوی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە شاری سەرێكانی كشاونەتەوە.

ئاژانسی سانا بڵاویكردۆتەوە كە سوپای توركیاو چەتەكانی شاری سەرێكانی- سەر بە پارێزگای حەسەكە-یان لە رۆژئاوای كوردستان داگیركردوە ئەوەش دوای ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەو شارە كشاونەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی "سپوتنیك"ی روسی، هێمای بۆ ئەوەش كردوە، تەواوی گەڕەكەكانی شاری سەرێكانی كەوتونەتە دەست سوپای توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئەو سوپایە، دوای ئەوەی هێزە كوردییەكان لێی كشاونەتەوە.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەداوە كە كشانەوەی شەڕڤانانی هەسەدە لە سەرێكانی دوای ئەوە بوە كە توانیویانە سەرجەم بریندارەكان و تەرمی شەهیدەكانیان لە نەخۆشخانەی شارەكە بهێننە دەرەوەو بەرەو نەخۆشخانەكانی قامیشلۆ بیانگوازنەوە، ئەوەش بە هاوكاری لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی. 

هەر ئەمڕۆ مانگی سوری کورد ئاشکرای کرد؛ بە هاوکاریی خاچی سوری نێودەوڵەتی تیمەکانیان چونەتە سەرێکانی و (30) بریندار و تەرمی چوار شەهیدیان لە نەخۆشخانەی سەرێکانی دەربازکردوە و گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فەرمان لە قامیشلۆ.

پێشتریش مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند: تورکیا رێگە بە دەربازبونی برینداران و قوربانیان و هاوڵاتیانی مەدەنی نادات لە سەرێکانی و رێگریشە لە کشانەوەی هێزەکانمان لەو شارە کە چەند رۆژێکە لە ژێر گەمارۆییەکی قورسی مرۆیی و سەربازیدایە.

رۆژی 9ی ئەم مانگە، سوپای تورکیا و چەکدارانی گروپە توندڕەوەکانی سوریا هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر سنوریەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد.

رۆژی (17)ی ئەم مانگە ئەمەریکا و تورکیا رایانگەیاند: گەیشتونەتە رێککەوتنی ئاگربەست لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و تا (120) سەعات شەڕ و پێکدادان دەوەستێنرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو رێککەوتنە هێرش و تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ سەر سەرێ کانی و گوندەکانی دەوروبەری بەردەوام بو.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×