پیاوسالاری‌و خێزانكوژیی لەكەیسی ئامانج‌و لانەدا
  2019-10-20       3124       

چۆمان هەردی


"كوشتی، كوشتی، كوشتی!“ ڕەنگە زەمەنێكی بوێت بۆ ئەوەی ئەم ڕستەیە چیتر لە گوێمدا نەزرنگێتەوە. بۆ من ئەم سێ وشەیە بەیانكردنی حەقیقەتێكی تاڵن كە زۆركەس نایانەوێت باوەڕی پێ بكەن؛ حەقیقەتی ئەوەی كە لە سیستەمی پیاوسالاریی و لەژێر ناوی خۆشەویستیدا، پیاوێكی بە ڕواڵەت مرۆڤدۆست و میھرەبان دەتوانێت ھاوسەر و منداڵەكەی و خۆشی بكوژێت لەبەرئەوەی ئەم ژنە چیتر نایەوێت لەگەڵ ئەودا ژیان بكات. مەرگی دوو ڕۆژنامەنووس ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵە سێ ساڵەكەیان قسەی زۆری لەسەركرا و من نامەوێت لێرەدا دوبارەیان بكەمەوە. تەنھا دەمەوێت وەڵامی ھەندێك پرسیار و گومان بدەمەوە كە لای خەڵك دروستبووە بۆ ئەوەی حەقیقەت ڵێڵ نەكرێت و خۆمان لە بەرپرسیارێتی نەدزینەوە.

ھەندێك گومان دەكەن لەوەی پیاوێك، كە ژیاندۆست و بێزیان دەردەكەوێت، بتوانێت ھاوسەر و منداڵەكەی و پاشان خۆشی بكوژێت. ئەم تێڕوانینە بێئاگایی پێوە دیارە لەسەر سروشتی مرۆڤ و مێژووی مرۆڤایەتی كە چەندین تاوانكاری لەمجۆرەی تێدایە. لە ڕاستیدا كوشتنی ئەندامانی خێزان لەلایەن تاوانكارەوە (كە زۆرینەی جار پیاوە نەك ژن) جۆرە تاوانێكە كە ناوێكی تایبەت بە خۆی ھەیە و بە فامیلیساید (famillicide)، واتە خێزانكوژیی ناسراوە. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، زۆرینەی ئەو پیاوانەی خێزانكوژیی و دواتر خۆكوژیی ئەنجامدەدەن، ئەوانەن كە پێشتر توندوتیژییان دژی ھاوسەرەكانیان بەكارھێناوە، بۆیە توندوتیژیی بە یەكەم ھێما دادەنرێت بۆ ئەمجۆرە تاوانانە. ھێماكانی تریش كە ئەگەری ئەمجۆرە تاوانە زیاددەكەن بریتین لە ئاسانیی دەستگەیشتن بە چەك، دڵپیسیی پیاو، بینینی ژن و منداڵ وەك موڵكی پیاو، ھەڕەشەكردن لە كەسی قوربانی و جیابوونەوە یان ھەڕەشەی جیابوونەوە. واتە ئەو پیاوە دڵپیس و توندوتیژانەی كە بە ئاسانی دەتوانن چەك بەدەستبێنن، ھاوسەر و منداڵەكانیان بە موڵكی شەخسی خۆیان دەزانن، ھەڕەشەی كوشتن لە ھاوسەرەكانیان دەكەن و ڕووبەڕووی جیابوونەوە دەبنەوە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم تاوانەیان زیاترە. سەرجەمی ئەم فاكتەرانەش لە كەیسی ئامانج و لانەدا ھەن. ئەوانەی لەم دوو كەسەوە نزیكبوون باس لەوە دەكەن كە گەرچی لەناو خەڵكدا ئامانج وەك پیاوێكی ڕۆمانسی و پڕ لە خۆشەویستی و ڕێز دەركەوتووە لە ڕاستیدا مێژوویەكی دوورودرێژیی ھەبووە لە دڵپیسی و بەكارھێنانی توندوتیژیی دژی لانەی هاوژینی. لەم دواییەشدا، كاتێك لانە دەیەوێت جیابێتەوە، زۆركەس ئاگاداری ھەڕەشەكانی ئامانج بوون لە لانە، ”گەر لێم جیابیتەوە تۆ و منداڵەكە و خۆشم دەكوژم!“

ھەندێك كەسی تر متمانەیان بە دەسەڵاتی كوردی، لێكۆڵینەوەی پۆلیس و دادگاكانی ھەرێم نییە بۆیە دەرەنجامی لێكۆڵینەوەی ئەم كەیسە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بێگومان باوەڕنەكردن بە ڕاپۆرتی پۆلیس جێگەی سەرسوڕمان نییە لەبەرئەوەی لە ڕابردوودا كاتێك تاوان دژی ڕۆژنامەوانان ئەنجامدراوە لێكۆڵینەوەكان گوماناوی و بەرھەمھێنی سیناریۆی سەیر بوون. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە ئەم كەیسەش یەكێكی ترە لەو جۆرە سیناریۆیانە. ئێمە لە كەلتووریی تاوان و گوماندا دەژین، لە شوێنێكین كە حەقیقەت بە ئامانجی جیاوازی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی بە ئاسانی وندەكرێت. لە ڕاستیدا ئەم كەیسە باشترین كایەیە بۆ ئەو كەسانەی باوەڕیان بە تیۆری موئامەرە ھەیە و ئەوانەش كە ئەمە بە دەرفەتێك دەزانن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی دەستخوێناوی و گەندەڵ بكەنە ئامانج. بەڵام دەبێت لە بیرمان نەچێت ھەندێكجار حەقیقەت ھەر ئەوەیە كە لەبەر دەمماندایە و ھیچ نھێنییەكی تری لە پشتەوە نییە.

ئەوانەش كە ھاوسۆزییان لەگەڵ ئامانج ھەیە دەڵێن گەر ئامانج ئەم تاوانەی ئەنجام دابێت ئەوا لەبەر ئەوەیە كە نەخۆشیی دەروونیی ھەبووە و خۆزگە زووتر بیانزانیایە و كۆمەكیان بكردایە. ئەمە یەكەمجار نییە كە نەخۆشیی دەروونیی وەك پاساوێك بەكاردەھێنرێت بۆ كەمكردنەوەی قورسایی تاوانەكان. كەم نین ئەوانەی بەردەوام پێماندەڵێن ئەو پیاوانەی كە لە ھاوسەرەكانیان دەدەن یان دەیانكوژن ”پیاوی باش و بێزەرەر بوون.“ من ھەمیشە سەیرم لە تێڕوانین و پێناسەی كۆمەڵگەی ئێمە دێت بۆ ئەوەی كێ پیاوی باشە و كێ خراپە. ھەمیشە تووشی شۆك دەبم كە دەبینم خراپەكارییەكانی پیاو بەرامبەر بە ژن، چەوسانەوەی، توندوتیژی بەرامبەری، كۆنترۆڵكردنی جەستە و ژیانی نابنە ھۆی ناشرینبوونی ئەو پیاوە لە كۆمەڵگەدا، چونكە زۆرینە پێیانوایە ئەمە كێشەیەكی ”شەخسییە“ و پەیوەندی بەوانەوە نییە.

ھۆكاری سەرەكیی بەردەوامبوونی پیاوسالاریی، بێدەنگی و بێلایەنیی زۆرینەی پیاوانە، بە نووسەر، ھونەرمەند، سیاسی، بازرگان و دەسەڵاتدارەوە و تەنانەت بەوانەشەوە كە خۆیان بە داكۆكیكاری عەدالەت و حەقیقەت دەزانن. رەیوان كۆنێڵ لە كتێبە گرنگەكەیدا لەسەر پیاوەتیی باس لەم دیاردەیە دەكات و بە پیاوانی بەشدار لە تاوان (complicit) ناویان دەبات. پیاوانی بەشدار لە تاوان ئەو پیاوانەن كە خۆیان لە ژن نادەن، بەڵام دژی دیاردەی لە ژندان و پیاوی توندوتیژ ناوەستنەوە، خۆیان ژن ناچەوسێننەوە، بەڵام ھەرگیز پەیوەندی خۆیان لەگەڵ پیاوێكی تر تێكنادەن لەسەر ئەوەی ژن دەچەوسێنێتەوە، خۆیان نوكتەی خراپ لەسەر ژنان ناكەن، بەڵام كە پیاوێكی تر نوكتەی لەو جۆرە دەكات ئەمانیش پێدەكەنن. بە كورتییەكەی ئەم جۆرە پیاوانە، كە زۆرینەی پیاوانی جیھانن، خۆیان پیاوسالارانە ڕەفتارناكەن، بەڵام دژی پیاوسالارییش ناوەستنەوە لەبەر ھۆكارێكی سادە، چونكە بە شێوەیەكی گشتیی ھەموویان لە سیستەمی پیاوسالاریی و چەوسانەوەی ژن سوودمەندن.

ئەم كەیسە نموونەیەكی تری توندوتیژییە كە سیستەمی پیاوسالاریی بەرھەمی دەھێنێت. ئەوە سیستەمی پیاوسالاریییە كە تیایدا ژن و منداڵ بە موڵكی پیاو دەزانرێن (تەنانەت لە ڕووی یاساییشەوە ئەمە وایە). لەم سیستەمەدا پیاو بەكارھێنانی توندوتیژی و سەندنەوەی مافی ژیان لە ژن بە مافی خۆی دەزانێت، بڕیاریی جیابوونەوە بە مافی خۆی دەزانێت و ڕازی نابێت ژن لەو جیابێتەوە، بۆیە گەر ژن ھەوڵی كارێكی وا بدات، ئەوا دەیكوژێت. پەیام و پرنسیپە پیاوسالارییەكە ئەمەیە: ”یا بۆ منی یا بۆ گڵ!“

كێشەكە لەوەدایە كە ھەر كەیسێك بە نموونەی توندوتیژی سیاسیی بزانرێت، ھەر رۆژنامەوانێك لەسەر ئازادی ڕادەربڕین زەرەرمەند بێت ئەوا سەرجەمی شەقام دێتەجۆش و قسەكردن، بەڵام كاتێك رۆژانە ژن بە دەستی پیاو دەكوژرێت، نابێتە مایەی داچڵەكینی كەس. زۆرینەی پیاوانی ڕۆشنبیر و داكۆكیكار لە عەدالەت لەمجۆرە حاڵەتانەدا پاڵی لێدەدەنەوە و سەیری دەمی ئێمەمانان دەكەن، وەك ئەوەی كوشتن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژن پەیوەندیی بە دۆزی عەدالەت، دیموكراسییەت و ئەوانی پیاوەوە نەبێت، كە زۆرینەن لە سەرجەم جومگەكانی دەسەڵاتی سیاسیی و ئایینی و كەلتوورییدا. لای ئەوان دۆزی رۆژنامەنووس دۆزێكی سیاسییە، بەڵام دۆزی ژنی قوربانیی دۆزێكی كۆمەڵایەتییە و مەترسیدار نییە بۆسەر ئاسایشی گشتیی. ئێمەی فێمینیست دەیان ساڵە لە ھەوڵی ئەوەداین سیاسەت دوبارە پێناسەبكەینەوە و ڕوونی بكەینەوە كە ھەر كەیسێك خراپ بەكارھێنانی دەسەڵاتی تێدا بێت كەیسێكی سیاسییە نەك كۆمەڵایەتی. ژنانی جیھان چەند سەدەیە خەبات دەكەن تا چەمكەكانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، دادپەروەریی، زەرەرمەندیی، توندوتیژیی و ئاشتی تەنھا لەپەیوەندی لەگەڵ پیاودا پێناسەنەكرێن، بەڵكو ئەزموونەكانی ژنیش لەخۆ بگرن كە زۆرجار، بەبۆنەی جەنگەوە، زیاترن لە نیوەی كۆمەڵگە.

دواجار دەمەوێت بڵێم، چیتر ئەو پاساوە قبووڵناكەین كە پەردەھەڵماڵین لەسەر نادادپەروەرییەكانی پیاوسالاریی كاتی نییە و گەلی كورد لەژێر مەترسیدایە. یەكێك لە مەترسییە گەورەكانی سەر كۆمەڵگای كوردیی سیستەمی پیاوسالارییە كە وای كردووە نیوەی ھێز و توانا و بەھرەكانی ئەم میللەتە بەھەدەر بڕوات، سوودی لێ نەبینرێت و بەدەستی خودی پیاوی كورد لەناوببرێت.

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×