توركیا: له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریی كشانەوەی یه‌په‌گه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ین
  2019-10-20       1234       

وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا رایگەیاند، له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ‌نێوان توركیا و ئه‌مریكا، سوپای توركیا له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری ده‌رچونی شەڕڤانانی یه‌په‌گه‌ ده‌كات له‌ ناوچه‌ی ئارام‌ لە باكوری سوریا له‌ ماوه‌ی 120 سەعاتدا.

ئاوێنە: وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە كاروانێكی سەربازی وڵاتەكەیان كه پێكهاتبو لە نزيكەى 55 ئۆتۆمبيل چونە ناو سەرێكانى و كاروانێكى 86 ئۆتۆمبێلى هێزەكانیشان به‌ ئاڕاسته‌ی تەلتەمر جوڵه‌یان كردوه.

ئەوەش دوای ئەوە دێت ئێوارەی ئەمڕۆ ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) لە شاری "سەرێکانی" لە رۆژئاوای كوردستان کشاونەتەوە، ئەوەش دوای بردنەدەرەوەی دوایین کاروانی بریندار و شەهیدەکانیان بەهاوكاری خاچی سوری نێودەوڵەتی.

دوابەداوی ئەوەش وتەبێژی هەسەدە رایگەیاند، لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئاگربەستی كاتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، شەڕڤانانمان بەتەواوەتی لە شاری "سەرێكانی" لە رۆژئاوای كوردستان كشانەوە.

رۆژی 9ی ئەم مانگە، سوپای تورکیا و چەکدارانی گروپە توندڕەوەکانی سوریا هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر سنوریەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد.

رۆژی (17)ی ئەم مانگە ئەمەریکا و تورکیا رایانگەیاند: گەیشتونەتە رێککەوتنی ئاگربەست لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و تا (120) سەعات شەڕ و پێکدادان دەوەستێنرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو رێککەوتنە هێرش و تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ سەر سەرێ کانی و گوندەکانی دەوروبەری بەردەوام بو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×