مەكگۆرك رەخنەی توند لە ترەمپ دەگرێت
  2019-10-20       1488       

برێت مەکگۆرک نوێنەری پێشوی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، دوایین تویتی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە باكوری سوریا بە دەرخەری سیاسەتێكی "مەترسیدارو شێواو" ناودەبات و و دەشڵێت؛ ئەمە پلانی ئاگربەست نییە بەڵكو داواكارییە بۆ چۆڵكردنی ئەو شارانەی كە لەلایەن توندڕەوەكانی سەربە توركیاوە گەمارۆدراون.

ئاوێنە: برێت مەكگۆرك لە تویتێكدا، سەبارەت بە لێدوانەكانی ترەمپ لەسەر باكوری سوریا لەدوایین تویتیدا، نوسیویەتی؛ ئەم تویتە گوزارشت لە سیاسەتێكی "مەترسیدارو شێواو" دەكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەدوا تویتیدا سەبارەت بە باكوری سوریا رایگەیاندبو، كە هێزەكانیان لەسوریا دەگەڕێنەوە بۆ وڵات. بەڵام مەكگۆرك نوسیویەتی هێزەكانی ئەمریكا "ناگەڕێنەوە بۆ وڵات. بەڵكو دەچنە عێراق."

ترەمپ لە بەشێكی دیكەی تویتەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردبو كە لەسوریا، نەوتەكەیان دەستەبەركردوە؟ مەكگۆرك لەوبارەیەوە نوسیویەتی"كام نەوت؟ ئێمە لەسوریا بوین بۆ پاراستنی گەلی ئەمریكا لەداعش. سوپاكەمان دەست ناگرێت بەسەر نەوتی بیانیدا."

مەكگۆرك هەروەها رەخنەی لەو بەشەی تویتەكەی ترەمپ گرتوە كە باسی لە نیشتەجێكردنی كوردەكان كردبو لەناوچەی دیكە. نوێنەری پێشوی سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی وتویەتی، كوردەكان لەناوچەی دیكە جێگیرناكرێن، بەڵكو ناچاردەكرێن لەناوچەكانی خۆیان بڕۆنە دەرەوە.

ترەمپ باسی لەوەش كردبو كە ئاگربەست لەباكوری سوریا بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام مەكگۆرك نوسیویەتی"ئەوە پلانی ئاگربەست نییە. بەڵكو داواكارییە بۆ چۆڵكردنی ئەو شارانەی لەلایەن توندڕەوەكانی سەر بە توركیاوە گەمارۆ دراون. ئەوەش هەمان تاكتیكە كە ئەسەد بەكاری دەهێنا."

مەكگۆرك هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ترەمپ ناوی وەزیری بەرگری ئەمریكای لەتویتەكەدا بەهەڵە هێناوە كە لەبری ناوی مارک ئێسپەر نوسیویەتی "ئیسپیرانتۆ".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×