پەیامێک بۆ نادیا مورادی وەرگری خەلاتی نۆبلی ئاشتی: کوا هەڵوێستت بەرامبەر بەداگیرکاریی رۆژاڤا
  2019-10-20       3471       

قادر وریا

 


بەڕێز نادیا موراد!


ساڵێک لەمەوبەر ئەم کاتانە کە خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلیان بە هاوبەشی لە گەڵ دنیس موکویگی پێ دای، ژمارەیەکی زۆر لە هاونەتەوە و هاوزمانانت لەوە تووڕە و بە حەق بە گلەیی بوون کە تەنانەت لە کاتی وەرگرتنی خەلاتەکەش دا ئامادە نەبووی دان بە کوردبوونی خۆت دا بنێی و بە کوردی بدوێی. بەڵام من ئەو کات بە ئەرکی خۆم زانی سەرەرای لە جێی خۆی دا بوونی ئەو ڕەخنە و گلەییانە، سەبارەت بەو کۆکوژی و تاوانە گەورانەی دەرحەق بە ئیزەدییەکان کراوە و لە بەر کۆمەڵێک کەمتەرخەمی و رەفتاری دەمارگرژانەی کوردە موسوڵمانەکان لە گەڵ ئیزەدییەکان، بە دژی ئەوانە بوەستمەوە کە ڕەخنەیان لێ دەگرتی و تانەیان لێ دەدای. بەڵام ئیستا حەق بە خۆم دەدەم لە جیاتی ئەوانەش کە وەقسە نەهاتوون، ڕەخنەت لێ بگرم.


من دەزانم ئەوانەی بەڕیزتیان بە شایانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل زانی، تەنیا لەبەر ئەوە بوو کە تۆ هێما و سەمبولێکی زۆر گونجاو بۆ کەمایەتییەکی ئایینیی ناوچەکەمان بووی کە کەوتبوونە بەر دڕندانەترین کۆکوژی وکڕین و فرۆشتن، تەنیا بەو تاوانە کە ئایینێکی جیاوازیان هەیە. بۆ خۆت کچێک بووی لەو کەمایەتییە ئایینییە و، ئەو نەهامەتیانەی بە سەر زۆر لە کچان و ژنانی ئیزەدی هاتبوون، بە سەرخۆشت هاتبوون. تۆ لەو دیوی سنوورەکانی کڕین و فرۆشتن و دیتنی دۆزەخی داعش گەڕابوویەوە. ئەگینا ئاشکرایە بەڕیزت بە پێچەوانەی زۆر لە وەرگرانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، پێشتر چالاکی و تێکۆشانت لە بواری مافی مرۆڤ دا نەبوو. بەڵام حەق وایە بەڕێزت بزانی کەسێک ئەم خەڵاتەی پێ دەدرێ بەرپرسیارەتییەکی گەورەشی دەکەوێتە سەرشان. وەرگرانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل و خەلاتە بە ناوبانگەکانی دیکەی کەم و زۆر لەو چەشنە، بە هۆی ئیعتیبارێک کە لە ڕیگای ئەم جۆرە خەڵاتە پێیان دەدرێ و سەبارەت بەو چاوەڕوانییەی مرۆڤەکان لە ئاستی دنیا دا، لێیان هەیە، دوای وەرگرتنی خەلاتەکە، چالاکتر لە پێشوو کار بۆ مافی مرۆڤ دەکەن. بوێرتر لە پێشوو دژی تاوانەکان دەنگ هەڵ دەبڕن. ئەگەر پێشوو خۆیان بە هی چینێک، توێژێک، کەمایەتییەک یا نەتەوە و وڵاتێک دەزانی، لەمەودوا خۆیان بە موڵکی هەموو مرۆڤایەتی دەزانن و لە هەر جێگایەکی دنیا ، هەر نەتەوە و ئایین و رەگەزێک بەرەوڕووی مەترسیی قڕکردن بوونەوە، لەسەریان وەجواب دێن. زیاتر لە ١٠ ڕۆژە بەشێک لە نەتەوەکەت لە ڕۆژاڤا بەرەورووی گەورەترین بۆمبارانەکان و لەشکرکێشی و داگیرکاری بوونەتەوە، کە چی هەڵوێستێکم لە بەڕیزتان نەدیت.


بەڕیز نادیا موراد! ئەو ژن و منداڵانەی بە بۆمبی فۆسفۆری لێیان دەدرێ، ئەو خەڵکەی لە ڕۆژاوا لە نیشتمانی خۆیان ئاوارە دەکرێن و ئۆردووگان خەریکە جێگایان بە خەڵکی دیکە پڕ دەکاتەوە، ئەو مرۆڤانەی ماڵەکانیان بە سەردا وێران دەکرێ، ئەگەر کوردیش نەبن، مرۆڤن و، بەڕێزت بە حوکمی ئەو ئیعتیبار و ناو و ناوبانگەی لە بواری مافی مرۆڤ دا پێت دراوە، دەبوایە نەک هەر خۆت چالاکانە کەوتبایە بەرگری لێکردنیان، بەڵکوو وەرگرانی دیکەی خەلاتی نۆبێل و ناوەندەکان وکەسایەتییە مرۆڤدۆستەکانی جیهان بانگەواز بکەی بە فریای خەڵکی ڕۆژاڤا بگەن کە بەرەوڕووی پڕ مەترسیترین داگیرکردنی خاک و کۆشتاری بە کۆمەڵ بوونەتەوە.


من دڵنیام ئەوە ڕەخنە و چاوەروانیی هەزاران تاکی دیکەی کوردستان لە بەڕیزتانە. بۆیە هیوادارم هەتا درەنگتر نەبووە قوڵی لێ هەڵماڵی و لە ئاستی ئەو ئیعتیبار و ناوبانگ و چاوەڕوانیانە دابی کە کە بەرەورووی وەرگرێکی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل دەبنەوە. تکا و داواشم لەو کەسانەی لێت نزیکن، راوێژکارتن و کارهاسانییت بۆ دەکەن، ئەوەیە ئەم پەیامە بەو زمانە وەربگێڕن کە بەڕیزت لێی تێ دەگەی و، هانت بدەن بۆ ئەوەی چاوەروانیی نەتەوەی کورد لەم ساتە مێژووییەدا جێبەجێ بکەی.


لە گەڵ ڕێزم بۆ خۆت و هاوخەمیم بۆ خوشک و برا ئیزەدییە مەینەت چێشتووەکان.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×