سیناتۆرێکی ئەمریکی: بۆ تەمبێ کردنی تورکیا پێویستە هەم گێزەر و هەم تێڵا بەکار بهێندرێت
  2019-10-21       3502       
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆماریەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمریکا میتچ ماککۆنێڵ رایگەیاند ''شەڕی نێوان کوردەکان و تورکیا کابوسێکی ستراتیژی بوو بۆ ئەمریکا''.

ماکۆنێل لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە کێشانەوەی سەربازە ئەمریکیەکان لە سوریا هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە بووە.

ماکۆنێل لە وتارەکەیدا نوسیویەتی ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا بە کشاندنەوەی سەربازەکانی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە بووە و ئەم بڕیارە بووەتە هۆی ئەوەی  کە ئەمریکا جارێکی تر وەک پێشوو لە لایەن هاوپەیمانەکانیانەوە بڕوای تەواوەتی پێ نەکرێت و وا لە دوژمنەکانی دەکات کە ئیتر چاونەترسانە مامەڵە لەگەڵ ئەمریکادا بکەن.

ماکۆنێل باس لەوە دەکات ئەم بڕیارەی ترەمپ وەک بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق وایە کە لە سەردەمی ئۆباما ئەنجامدرا، ماکۆنێل باس لەوە دەکات کە بڕیاری کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بڕیارێک بووە کە لەوەو پێش پلانی بۆ دانەرێژراوە. ئەم بڕیارەی ئەمریکا دەبێتە هۆی سەرلەنوێ بەهێز کردنەوەی داعش لە ناوچەکەدا.

ماکۆنێل باس لەوە دەکات لە دوای ١١ ئەیلولەوە هەموو ئەمریکا کار لەسەر ئەوە دەکات کە شەڕ دژی تیرۆرستە ئیسلامیەکان بکات و لەناویان ببات. ماکۆنێل باسی لەوە کرد نابێت ئێستە وا دەری بخەین کە ئیسلامیە توندڕەوەکان لەو ناوچانەدا بونیان نەماوە، ئەمریکا لە شەڕی تیرۆردا تەنها نییە و وڵاتانی هاوپەیمان پێکەوە شەڕی دژ بە تیرۆر دەکەن.

ماکۆنێل باس لەوە دەکات کە بڕیارەکەی ئۆباما لە عێراقدا بووە هۆی ئەوەی کە شەڕ لە لیبیا و سوریادا بەو شێوەیە سەر هەڵبدات. ماکۆنێل باس لەوە دەکات شەڕ لە دژی داعش و تاڵیبان لە چەند ساڵی داهاتودا لەلایەن هێزە ناوخۆیەکانی ئەو وڵاتانەوە کراوە کە تیرۆرستان تیایاندا بونیان هەبووە. ماکۆنێل باس لەوە دەکات کە لە ئەنجومەنی پیراندا هەوڵی داوە کە ڕێگری لە بڕیارەکانی ترەمپ بکرێت چونکە کشانەوەی سەربازە ئەمریکیەکان لە سوریا و ئەفغانستاندا بڕیارێکی بەپەلەیە و بڕیارێکی پلان بۆ داڕێژراو نەبووە.

ماکۆنێل باس لە کشانەوەی سەربازە ئەمریکیەکان دەکات لە باشور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا و باس لەوە دەکات کە کشاندنەوەی هێزە ئەمریکیەکان لە سوریادا بووەتە هۆی ئەوەی کە شەڕ لە نێوان هێزە کوردیەکان و سوپای تورکیادا دروست ببێت. شەڕی نێوان کوردەکان و تورکەکان کابوسێکی ستراتیژیە بۆ ئەمریکا، ڕاستە کە ئەمریکا نێوەندگیری کردووە لە نێوان ئەو دوو هێزەدا بۆ ئەوەی بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ شەڕ لە ناوچەکەدا بوەستێندرێت، بەڵام پێش ئەوەی ئەو ئاگربەستە ئەنجام بدرێت چەندین داعش لە زیندانەکاندا هەڵهاتوون ئەمەش وەک شکستێک بۆ ئەمریکا بەدیار دەکەوێت، بەرەنگاربونەوەی داعش لە ڕابردوودا سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێنابوو بەڵام بەهۆی ئەم بڕیارەی ترەمپەوە سەرکەوتنەکان بەرەبەرە دەسڕدرێنەوە.

ماکۆنێل باس لەوە دەکات ئەگەر جارێکی تر سەربازە ئەمریکیەکان بۆ ئەو ناوچانە نەگەڕێندرێنەوە، ئەوا ڕژێمی ئەسەد و سەربازانی ئێران لەم ناوچەیەدا دەسەڵات دەگرنە دەست، هەروەها ڕوسیاش باڵادەست دەبێت، لەم نێوەندەدا ئەمریکا زەرەرمەندی گەورە دەبێت. ماکۆنێل ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بە هەڵە ناودەبات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا تورکیا کە ئەندامێکی ناتۆیە ناوچەکە داگیر بکات یان سوریا و ڕوسیا و ئێران کە دوژمنی ئەمریکان باشە ماکۆنێل ڕایگەیاند، ''تورکیا پێویستە تەمبێ بکرێت بۆ تەمبێ کردنی پێویستە هەم گێزەر هەم تێڵای لەگەڵدا بەکار بهێندرێت، بۆ ئەوەی بێتە سەر ڕێ''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×