لە ماوەی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن-دا ١٠٤ زیارەتکاری ئێرانی گیانیان لەدەستداوە
  2019-10-21       597       
کونسوڵی گشتی ئێران لە کەربەلا رایگەیاند، لە میانى چلەى ئيمام حوسەين-دا، ١٠٤ زیارەتکاری ئێرانى لە عێراق گيانيان لەدەستداوە.

ئاوێنه‌: بەپێی ميدياى فەرمى ئێران کە لە زاری میر مەسعود حوسەینیان، کونسوڵی گشتی ئێران لە كەربەلا وەریگرتووە، رايگەياندووە كە ١٠٤ كەس لەو سێ مليۆن و ٥٠٠ زیارەتکارە ئێرانييەى كە ئەمساڵ بەشداریان لە چلەى ئيمام حوسەين-دا دەکەن گيانيان لەدەستداوە.

هاوکات کونسوڵی گشتی ئێران ئامارى ئەوانەی کە گیانیان لەدەستداوە خستەڕوو كە ٣٩یان بە رووداوى هاتوچۆ و ٦٥یان لە ئەنجامى نەخۆشى جۆراوجۆر گيانيان لەدەستداوە. لەو ژمارەيەش ٩٦ كەسيان خاوەن بيمەى تەندروستين.

بەگوێرەى ئەو زانيارييانەى كە کونسوڵی گشتی ئێران لە كەربەلا بڵاويكردۆتەوە، ئەمساڵ دوو مليۆن و ٥٠٠ هەزار كەس خۆيان تۆماركردوە بۆ بەشداريكردن لە مەراسيمى چلەى ماتەمينى ئيمام حوسەين، بەڵام نەيشاردەوە كە نزيكەی سێ مليۆن و ٥٠٠ هەزار كەس سەردانی عێراق-یان کردووە بۆ بەشداريكردن لە مەراسيمەكەدا.

شایەنی باسە ئيمام حوسەين-ى نەوەى پێغەمبەر (د.خ) لەگەڵ یاوەرانى لە ١٠-ى تشرينى يەكەمى ساڵى ٦٨٠-ى زايينى (١٠ موحەڕەم-ى ساڵى ٦١-ى كۆچي) لە شارى كەربەلا شەهيد كرا، هەموو ساڵێك بە “رۆژى عاشورا” ياددەكرێتەوە.

بەگوێرەى رۆژژمێرى کۆچی٤٠ رۆژ دواى “رۆژى عاشورا” مەراسيمى يادكردنەوە دەكرێتەوە و پێى دەگوترێت “ئەربەعينیە” چلەمين رۆژ.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×