2019-10-21   3228     
جه‌نه‌ڕاڵ پێترائوس, به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی CIA ده‌ڵێت: ''پاش کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا له ئه‌نجامدا به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نساش ناچار ده‌بن هێزه‌کانیان له‌و ناوچه‌یه بکشێنه‌وه و کورده‌کان به‌جێبێڵن''.
ئاوێنه: تورکیا پاش ڕاگه‌یاندنی بڕیاره‌که‌ی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا هێرشێکی قورسی بۆ داگیرکردنی ئه‌و ناوچانه ده‌ستپێکرد. ئه‌م هێرشانه به‌بۆنه‌ی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر چۆڵکردنی ئه‌و ناوچانه له‌لایه‌ن کوردوه وه‌ستێندرا.
دوایین هه‌واڵه‌کان باس له‌وه ده‌کات که ئه‌مرۆ دووشه‌ممه 21ی تشرینی یه‌که‌می 2019 هێزه‌کانی ئه‌مریکا به چه‌ک و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازییه‌وه گه‌یشتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه که نیۆیۆرک تایمز باسی له‌وه کرد دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ده‌یهه‌وێت 200 سه‌ربازی وڵاته‌که‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بهێڵێته‌وه.
جه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤید پێترائووس به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ڕێکخراوی CIA و فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ "سی ئێن ئێن" ئه‌نجام دا و به توندی ڕه‌خنه‌ی له بڕیاره‌که‌ی تره‌مپ گرت له‌باره‌ی به‌جێهێشتنی کورد و کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له سووریا.
ناوبراو ته‌ئکیدی کرده‌وه: ''پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له سووریا له ئه‌نجامدا هێزه‌کانی فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیاش له‌و وڵاته ده‌کشێنه‌وه چونکه به‌بێ هێزه‌کانی ئه‌مریکا -که ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنی هاوپه‌یمانێتیی دژهداعشی له‌سه‌ر شان بوو- ناتوانن له سووریا بمێننه‌وه''.
جه‌نه‌ڕاڵ پێترائووس پێی وایه که تورکیا نیگه‌رانی ئه‌منیی ڕه‌وای هه‌یه چونکه په‌یوه‌ندی له نێوان هێزه‌كانی و هێزه‌کانی په‌که‌که -که ئه‌مریکا ئه‌وان به ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ده‌زانێت- له‌ئارادایه.
ناوبراو جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه: ئه‌مریکا به جۆرێک به‌شداری له ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تورکیا دژی په‌که‌که کردووه.