رۆمانی كوردێكی په‌نابه‌ر به‌نرخترین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی ئوسترالیای برده‌وه‌
  2019-02-01       1683       

به‌هرۆز بوچانی، نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس و په‌نابه‌ری كوردی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌ یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كانی ده‌ستبه‌سه‌ركردن له‌ئوسترالیا به‌ند بوه‌، گرانبه‌هاترین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی ئوسترالیای بۆ ئه‌و رۆمانه‌ی برده‌وه‌ كه‌ له‌زیندان نوسیویه‌تی.

ئاوێنه‌: به‌هرۆز بوچانی، كوردێكی په‌نابه‌ری خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه، رۆمانی "جگه‌ له‌چیاكان دۆستێكمان نییه‌"ی له‌ زیندانی مانوس-ی ئوسترالیا به‌ زمانی فارسی نوسیوه‌و له‌ڕێگه‌ی به‌رنامه‌ی وه‌تسئاپه‌وه‌ بۆ وه‌رگێڕه‌كه‌ی ناردوه‌.

رۆمانه‌كه‌ی بوچانی بوه‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی ڤیكتۆریا له‌ ئوسترالیا كه‌ خه‌ڵاته‌كه بڕی‌ 100 هه‌زار دۆلاری ئوسترالیشی له‌گه‌ڵدایه‌.

بوچانی به‌ بی بی سی راگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ توشی هه‌ستێكی ناكۆكی كردوه‌ و وتویه‌تی"له‌ڕویه‌كه‌وه‌ زۆر خۆشحاڵم كه‌ ده‌توانم سه‌رنجه‌كان بۆ ئه‌م به‌دبه‌ختییه‌ رابكێشم و ده‌بینم كه‌ زۆر كه‌س له‌م دۆخه‌ تێگه‌یشتون، ئه‌مه‌ش زۆر باشه‌. به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وا بیرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ مافی ئه‌وه‌م نییه‌ به‌بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌وه‌ ئاهه‌نگ بگێڕم چونكه‌ دۆستانێكی زۆرم هه‌ن كه‌ لێره‌ ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌كێشن."

وتوشیه‌تی"یه‌كه‌م شت كه‌ پێویستمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئازادبكرێین و ئه‌م دورگه‌یه‌ به‌جێبهێڵین."

به‌پێی قسه‌ی به‌هرۆز بوچانی ئه‌و له‌ ئێران به‌هۆی كاری رۆژنامه‌وانییه‌وه‌ روبه‌ڕوی كێشه‌ بۆته‌وه‌و ناچار بوه‌ وڵاته‌كه‌ی جێبهێڵێت.

بوچانی رۆمانه‌كه‌ی له‌ماوه‌ی پێنج ساڵدا له‌زیندان نوسیوه‌و له‌ڕێگه‌ی به‌رنامه‌ی وه‌تسئاپه‌وه‌ بۆ وه‌رگێڕێكی هاوڕێی ناردۆته‌ ده‌ره‌وه‌.
وتویه‌تی"وه‌تسئاپ وه‌ك ده‌فته‌ری كاركردنمه‌."

باسی له‌وه‌شكردوه‌ كه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز رۆمانه‌كه‌ی نه‌نوسیوه‌ چونكه‌ له‌و كاته‌دا هه‌فتانه‌ یان مانگانه‌ پاسه‌وانانی زیندانه‌كه‌ ژوره‌كانیان پشكنیون و ترساوه‌ نوسینه‌كانی له‌ده‌ستبچن بۆیه‌ له‌ واتسئاپ رۆمانه‌كه‌ی نوسیوه‌.

ده‌سته‌ی دادوه‌رانی به‌خشینی خه‌ڵاتی ڤیكتۆریا له‌ وه‌سفی رۆمانه‌كه‌ی بوچانی-دا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ بوچانی شێوازه‌ جیاجیاكانی نوسینی رۆمانی به‌كارهێناوه‌و نه‌ریته‌ جیاجیاكانی ئه‌ده‌بی سه‌رتاسه‌ری جیهانی تێكه‌ڵ كردوه‌ به‌ تایبه‌ت نه‌ریته‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی.

به‌هرۆز بوچانی مافی چونه ناو ئوسترالیای نییه‌و تا ئێستاش له‌ دورگه‌ی مانوس ده‌ژی به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ نه‌یتوانی له‌ ڕێوڕه‌سمی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌دا له‌ئوسترالیا ئاماده‌بێت.

ئوسترالیا سیاسه‌تێكی توندی به‌رامبه‌ر به‌و په‌نابه‌رانه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ڕێگه‌ی به‌له‌مه‌وه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ خاكی ئه‌و وڵاته‌و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بشسه‌لمێنرێت كه‌سێك مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌ری هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ به‌له‌م بگاته‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌رگیز ئه‌و مافه‌ به‌ده‌ستناهێنێت.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×