شاسوار عەبدولواحید: ئەم دۆخە دەبێتە بازدانێکی گەورە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد
  2019-10-21       1999       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، پێی وایە سەرەڕای ئەو ئەو هەمو نەهامەتیانەی كە ئێستا روبەڕوی كورد بۆتەوە، دۆخی کورد بەگشتی هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێشەوە و دەشڵێت"من پێموایە بەپێچەوانەوە ئەم دۆخە دەبێتە بازدانێکی گەورە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد، وەک چۆن دوای ساڵی ١٩٩١ و راپەڕین و کۆڕەوی هاوڵاتییان، بۆ یەکەمجار بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، پشتگیریی لە کورد کرا."

ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، لەپەیامێكدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای كورد لە رۆژئاوای كوردستان، لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك نوسیویەتی"بۆیە بە پێچەوانەی زۆرێکەوە، سەرەڕای ئەو هەمو نەهامەتییەی روبەرومان بۆتەوە، سەرەڕای غیابی سەرکردایەتییەکی کوردیی حەکیم، نەبونی کاری پێکەوەیی، بونی پەرتەوازەیی و خۆخۆرییەکی سەرتاپاگیر، بێهەڵوێستیی حیزبە سیاسییەکان و بێدەنگبونیان، سەرەڕای ئاوارەیی، مەرگ و ماڵوێرانیی کە جارێکیتر یەخەی پێگرتوینەتەوە، بەڵام پێموایە دۆخی کورد بە گشتیی هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێشەوە."

شاسوار عەبدولواحید، ئەوەشی خستۆتەڕو"من پێموایە بەپێچەوانەوە ئەم دۆخە دەبێتە بازدانێکی گەورە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد، وەک چۆن دوای ساڵی ١٩٩١ و راپەڕین و کۆڕەوی هاوڵاتییان، بۆ یەکەمجار بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، پشتگیریی لە کورد کرا."

هەروەها ئەوەشی وتوە"بە پێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن تەنها شاخەکان دۆستی کوردن، من پێموایە کورد ئیستا دۆستی زۆرە."


دەقی پەیامەكەی شاسوار عەبدولواحید...


"The night is darkest before dawn"
"شەو" لەوپەڕی تاریکییدایە لە پێش "بەرەبەیان" - پەندێکی ئینگلیزی

دەمەوێت لەم پەندەوە باس لە ئێستای دۆخی کورد بکەم، ئایا دۆخی کورد هێندە خراپە؟! داهاتومان بەرەو کوێ دەڕوات؟

سەرباری هاوسۆزیمان بۆ برا و کەسوکارمان لە رۆژئاوا و سەرباری ئەوەی کە لە روی حیزبی و میدیایی و عیلاقاتمانەوە توانیبێتمان و بتوانین،ئەوا درێخی ناکەین و بەردەوام دەبین لە پشتیوانی بەشێکی میلەتەکەمان لە رۆژئاوا،بەڵام مەبەست لەم پەندە ئەوەیە دوای ئەوپەڕی تاریکیی شەو، روناکیی و بەرەبەیان دێت، بۆیە بە پێچەوانەی زۆرێکەوە، سەرەڕای ئەو هەمو نەهامەتییەی روبەرومان بۆتەوە، سەرەڕای غیابی سەرکردایەتییەکی کوردیی حەکیم، نەبونی کاری پێکەوەیی، بونی پەرتەوازەیی و خۆخۆرییەکی سەرتاپاگیر، بێهەڵوێستیی حیزبە سیاسییەکان و بێدەنگبونیان، سەرەڕای ئاوارەیی، مەرگ و ماڵوێرانیی کە جارێکیتر یەخەی پێگرتوینەتەوە، بەڵام پێموایە دۆخی کورد بە گشتیی هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێشەوە، کورد و جەنگاوەرە ئازاکانی و هاوڵاتییان، پێویستییان بە ورە بەرزکردنەوە و ئیرادە پێبەخشیینە. ئەوە دوژمن و نەیارەکانن دەیانەوێ ورە و ئیرادەمان بڕوخێ و تەسلیم ببین.

من پێموایە بەپێچەوانەوە ئەم دۆخە دەبێتە بازدانێکی گەورە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد، وەک چۆن دوای ساڵی ١٩٩١ و راپەڕین و کۆڕەوی هاوڵاتییان، بۆ یەکەمجار بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، پشتگیریی لە کورد کرا.

بە پێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن تەنها شاخەکان دۆستی کوردن، من پێموایە کورد ئیستا دۆستی زۆرە.

لە ئەمریکا کورد دۆستی زۆرە و شەقام و سیاسییەکانی ئەمریکای کردوە بە دو کەرتەوە . کەرتێکی گەورەی لەگەڵ کوردەکاندان و کەرتێکی زۆر بچوکیش لەگەڵ ترەمپ'دان (لە دوایین دەنگدانی کۆنگرێسی ئەمریکادا ٣٥٤ ئەندامی کۆنگرێس دەنگیان دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر کورد دا و تەنها ٦٠ کۆنگرێسمان دژی بریارەکە بون، بە نزیکیی هەمو دیموکراتەکان و دو لەسەر سێی هەمو کۆمارییەکان لە بەرژەوەندیی کورد دەنگیان دا).

جگە لەوە، ئێستا کورد لە هەمو ئەوروپا و وڵاتانی زلهێز دۆستی هەیە، لە هۆڵی هەمو پەرلەمانەکانی ئەوروپا و دونیادا چەندیین دۆستی کورد هەن.

لە بەشێکی وڵاتانی عەرەبیی و ئیسلامییدا بەرگریی لە کورد دەکرێت و دژی لەشکرکێشییەکە قسە دەکەن.

تەنانەت لە ناو خودی تورکیادا دەنگی غەیرە کورد هەیە دیفاع لە کورد دەکات.

ئەمە ساڵانی هەشتاکان نیە ١٨٠ هەزار مرۆڤی کورد ئەنفال بکرێن، کیمیایی بکرێت بە سەر هەڵەبجەدا و کەس لەسەرمان هەڵنەدات.

ئەمە ساڵانی هەشتاکان نیە کورد دڵی بە وتارێکی رۆژنامەیەکی بیانی خۆش بێت و کەس نەبێت ناوی بهێنێت.

ئەمە ساڵانی هەشتاکان نیە کورد توشی کیمیابارانی هەڵەبجە بێتەوە و هیچ میدیایەک باسی نەکات، چونکە ئێستا سەردەمی میدیا و سۆشیال میدیا و گڵۆباڵیزمە.

ئێستا هیچمان نەکردبێت، لانیکەم دونیا و ئەمریکا و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتییمان کردوە بە دو کەرتەوە و هەمویان لە نێوان کورد و تورکیادا قەلەقن.

لە نێوان کوردێک کە جاران دەیانگوت تەنها شاخەکان دۆستیەتی و لە نێوان تورکیایەک کە ساڵانێکی زۆر لە جەنگی سارد دۆستی رۆژئاوا و ئەمریکا بو، چوارەم هێزی ناو ناتۆیە، پاشماوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییە، دەروازەی رۆژهەڵاتی ئەوروپایە. کەچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی قەلەقن لە نیوان ئەم تورکیایە و ئەو کوردە بێ پشتوپەنایەدا.

ئەمە خۆی لە خۆیدا بەرەوپێشچونی دۆخی کوردە و چاوەڕوان دەکەم لە داهاتودا کورد و قەزیە سیاسییەکەی هەنگاوێکی تری گەورە بچێتە پێش.

بەعس ٣٠ ساڵ هەوڵیدا کورد بسرێتەوە، بەڵام نەیتوانی و شکستی هێنا، جاران کوردەکانی سوریا ئاواتیان ئەوە بو تەنها پێناسی باری شارستانییان هەبێت و وەک هاوڵاتیی سوریی مافیان هەبێت، کەچی ئێستا دونیا باسیان دەکات و هاوسۆزن لەگەڵماندا، بۆیە بێهیوا مەبن، دوای هەمو تاریکییەک، روناکیی و بەرەبەیان دێت.

خوای گەورەش دەفەرموێت: {فَإِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا}.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×